بۆکان؛ عەلی زولفی حوکمی زیندانی بەسەردا سەپا

11:38 - 23 خەرمانان 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عەلی زولفی" کوری حەمزە و خەڵکی شاری بۆکان، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ئەو شارەوە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "پەیمان ڕۆستەمی" بە چوار مانگ و ١٠ ڕۆژ زیندان، مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" مەحکووم کردووە و ئەو حوکمەش لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.

کۆبوونەوەی دادگایی ئەو هاووڵاتییە، مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی شاری بۆکان، بەرێوە چووبوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٣ی ڕەشەمە، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی ئەو شارەدا ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی بۆکان ڕاگوێزرابوو.

عەلی زولفی، پاش دەسبەسەرکردنی لە پەیوەندیی تەلەفوونی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.

شەوی سێشەممە، ٣٠ی بەفرانبار، لە درێژەی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کورد لە بۆکان، ئەو هاووڵاتییە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و نابراویان دەسبەسەر کردبوو.

هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەریی "عەلی زولفی"، شووشەی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەیان شکاندبوو.