بۆکان؛ عەزیمە ناسری لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

12:29 - 6 گەلاوێژ 2721

ڕۆژی سێشەممە ٥ی گەلاوێژ، عەزیمە ناسری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی عەزیمە ناسری و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هاووڵاتییەیان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کردووە".

ئەو سەرچاوە هەروەها ئەوەشی وتووە کە هێزە ئەمنییەتییەکان هۆکارێکی ڕوونیان بۆ دەسبەسەرکردنی عەزیمە ناسری نەخستووەتە ڕوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمەی ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ناوبراو، ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانباری ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندانی ٩٩، عەزیمە ناسری پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی بۆ بەندی زیندانی ژنان ڕاگوێزرابوو.