بۆردومانی کیمیایی لە سووریە ٦٣٥ کوژراوی لێکەوتەوە

17:06 - 30 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٢٤ کاتژمێـری رابردوودا ٦٣٥ هاوڵاتیی لە وڵاتی سووریە بە هۆی چەکی کیمیاوییەوە کوژران.

هەواڵدەریی \"رۆیتەرز\" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، هاوکات لەگەڵ سەردانی نوێنەرانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەمەڕ بەکار هاتنی چەکی کیمیایی لە وڵاتی سووریە، چەندین ناوچەی دەوروبەری دیمەشق لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی ئەو وڵاتەوە بۆردومانی کیمیایی کران.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە کەلە ئەنجامی ئەو کیمیایی بارانەدا هەتا ئێستا ٦٣٥ کەس گیانیان لەدەست داوەو دەیان هاووڵاتیی دیکەش تووشی خوێنڕێژی و هەروەها کێشە هەناسە کێشان بوونەتەوە.

\"14779.jpg\"
هەروەها دەگوترێت، زۆربەی ئەو قوربانیانە ژنان و منداڵان پێکی دێنن و بەردەوام رێژەی قوربانیان و کوژراوانی ئەو چەکە روو لە زیاد بوون دەکات.

هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمیی حکوومەتی سووریە لە زاری بەرپرسانی نیزامیی ئەو وڵاتەوە، ئەو هەواڵانەی رەت کردەوە و رایگەیاندووە کە بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە تەنیا بۆ سەرقاڵ کردنی تیمی تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە کە هەنووکە لە وڵاتی سووریە سەبارەت بە بەکارهاتنی چەکی کیمیایی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.

هەتا ئێستا جۆری چەکی کیمیایی بەکارهاتوو لە وڵاتی سووریە رانەگەیەنندراوە، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە لەو بۆردومانەدا گازی \"سارین\" بەکار هاتووە.