بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی فڕۆکە ئۆکراینییەکە، ٢١ ڕۆژنامەوان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێکراوە

11:09 - 18 رێبەندان 2719

ڕێکخراوی ڕێپۆرتێرانی بێسنوور، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، لە ڕاپۆرتێکدا، بڵاوی کردبووەوە کە لانیکەم ٢١ ڕۆژنامەنووسی ئێرانی لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران، لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و هەڕەشەیان لێکراوە.

ڕێکخراوی ڕاپۆرتێرانی بێسنوور لە زاری چەند کەس لە ڕۆژنامەوانان بڵاوی کردووەتەوە، هەواڵی بانگهێشت کرانم لەلایەن بەڕێوەبەری ڕۆژنامەوە پێگەیشت و ڕامگەیاند کە ئەم جۆرە بانگهێشتکردنە نایاساییە و من بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییانە ناچم.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری ئەو ڕۆژنامەنووسە بڵاوی کردووەتەوە، سەرەڕای خۆبوواردنم لە چوون بۆ ناوەندە حکوومەتییەکان، هەمان شەو لە ڕێگای تەلەفۆنەوە دەستیان بە جێنودان و بێڕیزیکردن کرد و ناچار بووم بەیانییەکەی بچمە ئیدارەی ئیتلاعات ق بەڵێننامە واژۆ بکەم و هەموو ئیکانتەکانم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابخەم.

ڕێکخراوی ڕێپۆتێرانی بێسنوور لە زاری ڕۆژانامەنووسێکی دیکەوە کە بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کراوە، بڵاوی کردووەتەوە، مەئموورانی ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە بەو ڕۆژنامەنووسەیان ڕاگەیاندووە، ئەگەر دەتهەوێت ١٠ ساڵی داهاتووی ژیانت لە زیندان تێنەپەڕێت، زیندوو بمێنیت، دەبێ زارت ببەستیت و ئێکانتەکانت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دابخەیت.

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، لە سەرتاسەری ئێراندا، لانیکەم ٢٠ ڕۆژنامەنووسی ئێرانی کە ڕوونکردنەوەیان لەسەر ئەو ڕووداوە داوە یان ڕەخنەیان گرتووە، بانگهێشت یان دەسبەسەر کراون.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بەفرانبار، فڕۆکەی موسافیربەری بۆئینگ ٧٣٧ی ئۆکراینی  بە ١٧٦ موسافیرەوە، بە پەدافەندی سپای پاسداران خرایە خوارەوە و بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی هەموو موسافیرەکانی ئەو فڕۆکەیە؛ هەروەها زیاتر لە ١٠ هاووڵاتیی کوردیش لەو ڕووداوەدا گیانیان لەدەست دا.