بۆ رێگری کردن لە شایی خەڵک بۆ ئازادیی کۆبانی، شاری سنە میلیتاریزە کرا

14:13 - 8 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزێکی زۆری ئەمنییەتی و نیزامی لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری سنە جێگیر کراون و ئەو شارە حاڵەتی حکوومەت نیزامیی بە خۆیەوە گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای شادی و هەڵپەڕکێی هاووڵاتییانی شاری سنە لەمەڕ ئازادبوونی شاری کۆبانی، شاری سنە لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە هێزێکی زۆری نیزامی و ئەمنیەتی، میلیتاریزە کراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنەوە رایگەیاند؛ هێزە نیزامی و ئەمنییەکان، تێکڕای شەقام و شوێنە گشتییەکانیان گروتوەو کۆبوونەوەی زیاتر لە ٢ کەس بڵاوە پێدەکەن.

پاشنیوەرۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٦ی رێبەندان، شاری کۆبانی پاش ١٣٣ رۆژ بەرگری و شەڕی کۆڵان بەکۆڵان، لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕڤانانی کوردەوە لە دەستی داعش ئازاد کرا.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئازادکرانی کۆبانی لەلایەن هێزە کوردییەکانەوە، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی شاری سنە لە پارکی مندالان و گۆڕەپانی گاز بە شایی و هەڵپەڕکێ، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئازادکرانی کۆبانی و سەرکەوتنی هێزە کوردییەکان بەسەر داعشدا دەربڕی.

پێشتریش لە کاتی هێرشی داعش بۆسەر ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەت شەنگال و کۆبانی، هاووڵاتیاینی کورد لە نزیک بە تێکڕای شارەکانی کوردستانی ئێران، بە مەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی و مەحکووم کردنی داعش، خۆپیشادانیان بەرێوە برد.

ئارام. ح