بڕینی قامکی دەست بە نیشانەی \"پەندوەرگرتن\" لە زیندانی ورمێ

20:28 - 6 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: بە ئامادەبوونی بەشێک لە بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ و نزیک ٧٠ کەس لە زیندانییەکانی ئەو زیندانە، حوکمی بڕینی چوار قامکی دەستی دوو برا لەو زیندانه جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی بەفرانبار، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ سزایی برینی قامکی دەستی دوو هاووڵاتیی کورد کە هەر دووکیان برا بوون لە پێش چاوی زیندانییەکانی دیکەوە بەڕێوەبرد.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کورد بە ناوەکانی\"فەرامەرز بێ غەم \" تەمەن ٣٨ ساڵ و \"مەجید بێ غەم\" تەمەن ٤٥ ساڵ، لە لایەن هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ ڕاگەیانراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاویە، ئەو دوو برایه بە تاوانی دزیکردن سزای بڕینی چوار قامکی دەستیان لە ناو زیندانی ورمێ بەڕێوچووە.

فەرامەرز و مەجید ماوەی چوار ساڵ و نیوە بە تاوانی دزیکردن لە زیندانی ناوەندیی دەریای شاری ورمێ ڕاگیراون.

ئەوە سەرچاوەیە ئەوەش دەخاتەڕوو کە؛ لە کاتی بەڕێوەچوونی ئەو حوکمە لە سەر بڕیاری دۆزگەری ورمێ لەژێر ناوی\"درس عبرت گرفتن\" پەند وەرگرتن لە پێش چاوی نزیک بە ٧٠ زیندانی ئەو کارە نەشیاوەی ئەنجامداوە.

ئەو سەرچاویە لە درێژەدا گوتی: یەکێک لەو دووبرایە پێش لە بەڕێوەچوونی حوکمەکەیان بە دۆزگەری ورمێ گوتبوو؛ هەڵەی کردووە و با ئەو حوکمە بەڕێوە نەچێت، بەڵام دادستان بە شێوەیەکی گاڵتەئامێر گوتبووی: ئێمە لە ڕێگادا دەمانەویست شیرینیتان بۆ بگڕین هەتا ئەو قسەیە نەکەن.

زیندانی دەریای ناوەندیی شاری ورمێ نزیک بە ٥ هەزار زیندانی تێدایە.