بنەماڵەی چالاكێكی خوێندكاریی كورد لەلایەن ئیتلاعاتەوە هەڕەشەیان لێكرا

13:50 - 3 رەشەمه 2711
كوردپا: پاش ئەوەی كە چالاكێكی خوێندكاریی كورد بەهۆی هەڕەشەی ئەمنیەتی لەلایەن ناوەندە حكوومەتییەكانەوە، ئێرانی بەجێهێشت، ئێستا بنەماڵەكەی لەلایەن ئەو ناوەندانەوە لەژێر هەڕەشە و گوشار دان.

بەپێی راپۆرتی نێردراو لەلایەن چالاكانی مافی مرۆڤی شاری قوروە بە ئاژانسی كوردپا، سوهراب كەریمی دەرچووی رشتەی كارناسیی باڵای زانستی سیاسی و یەكێك لە چالاكانی خوێندكاری و مەدەنیی كورد كە پێشینەی چەندین جار گیران و دەركرانی حوكمی نایاسایی لە كارنامەكەیدا هەیە، پاش بانگ كران و دەستبەسەر كرانی لەلایەن هێزی ئینتزامیی قوروە، هەڵاتووە و سەرەنجام بە ناچاری هەفتەی رابردوو ئێرانی بەجێ‌ هێشتووە و لە یەكێك لە وڵاتانی دراوسێ‌ گیرساوەتەوە. بەڵام ناوەندە ئەمنیەتییەكان بە تۆمەتبار كردنی بنەماڵەكەی و چەند دۆستێكی نزیكی، هەڕەشەی دەستبەسەر كردنیان لێكردوون.

سوهراب كەریمی پێشتریش لە جەریانی رێوڕسمی 16ی سەرماوەزی ساڵی 1386دا دەستبەسەر و بۆ ماوەی 76 رۆژ لە بەندی 209ی زیندانمی ئێوین دەستبەسەر كراوە و دواتر بەپێی بەندەكانی 500 و 618ی سزای ئیسلامی بە 74 زەربە شەلاق و 5 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحكووم كرا كەلە دادگای پێداچوونەوەدا زیندانەكەی كرا بە هەڵپەسێراو و غەرامەی نەختی.

ئەم چالاكە خوێندكاریە دوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی ساڵی 1388 چەند جار بانگهێشت و لێپێچینەوەی لێكراوە و بۆ ماوەیەكی زۆر بە نهێنی ژیاوە.

ناوبراو كە پاڵێوراوی خولی نۆیەمی هەڵبژاردنی مەجلیس بووە، جیالەوەی لەلایەن لێژنەكانی چاوەدێری بەسەر هەڵبژاردنەكاندا رەتی سەلاحیەت كرایەوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانیشەوە هەڕەشەی لێكراوە.