بنەماڵەی قوربانیی تەقینەوەی مین لە ئیلام، لە شەقامەکانی ئەهواز ئاوارە بوون

20:04 - 24 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: سەرەڕای ئیدیعای بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی خوزستان، بنەماڵەی قوربانیانی مین لە مێهران لە حەوانەوەو جێگیربوون لە میوانخانەی مامۆستایانی ئەهوازدا رێگرییان لێکرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو بنەماڵە و کەسوکاری قوتابیانی قوربانیی تەقینەوەی مین لە مێهران، کە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ منداڵەکانیان چووبوونە نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ئەهواز، لەلایەن خانەی مامۆستایانی ئەهوازەوە رێگرییان لێکرا.

رێگری کردن لە هاتنی قوربانیانی تەقینەوەی مین لە ناوچەی (کونجان چەم)ی مێهران بۆ ژووری خانەی مامۆستایانی ئەهواز لە کاتێکدایە، کە بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی خووزستان باسی لە هاوئاهەنگیی پێویست بۆ دابین کردنی ئیمکانات و جێگە و شوێن و خواردن بۆ کەسوکاری قوتابیان کردووە.

محەمەد تەقی‌زادە بە یەکێک لە هەواڵدەرییە حکوومەتییەکانی راگەیاندووە: \" لە ئێستادا ئەو کەسانەی کە چاوەدێری و ئاگاداریی منداڵەکانیان دەکەن، لە خانەی مامۆستایانی ئەهواز جێگیر کراون و ئەوپەری یارمەتییان دەکەین، هەتا لەو دۆخەدا لانیکەم لە کێشەی رۆحی و نیگەرانی بەدوور بن\".

\"25409.jpg\"
پزیشکی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ئەهواز بارودۆخی تەندروستیی محەمەد هادی مەلەکیانی ناجێگیر راگەیاندووە
لاپەڕی فەیسبووکی \"ئێرانی بەبێ مین\" وێرای ئاماژە کردن بە رێگری کردن لە بنەماڵەی قوتابیان بۆ چوونە نێو خەوتنگەکانی ئەهواز، بڵاوی کردەوە، \"ئەرکی دەوڵەت ئەوەیە کە پشتیوانی لە بنەماڵە و قوربانیانی تەقینەوەی مین بکات و لەوە زیاتر ئازار و مەینەتی بۆ بنەماڵەکانیان نەخولقێنێت\".

پزیشکی نەخۆشخانەی تاڵەقانیی ئەهواز بارودۆخی تەندروستیی محەمەد هادی مەلەکیان، یەکێک قوتابیانی کوردی خەڵکی مێهران لە ئوستانی ئیلام، کە چەند رۆژ پێش ئێستا هاورێ لەگەڵ چوار قوتابیی دیکەی کورد لە نزیک قەڵای کونجان چەمی مێهران تووشی رووداوی تەقینەوەی مین بوو، ناجێگیر راگەیاندووە.

محەمەد هادی دەستبەجێ لە ئەنجامی ئەو تەقینەوەیەدا لە قولاپە بەرەوخوارەوەی لاقی راستەی لێ بۆتەوەو بەگوتەی پزیشکان، و راوێژکارانی ئۆرتۆپیدی، هەوڵ بۆ چارەسەری و دەرمانی ئەو لاقەی ئەدرێت.

هەنووکە محەمەد هادی مەلەکیان لەسەدا ٧٥، ئەمیر حوسێن پەیکانی لەسەدا ٣٠، ئەمیر محەمەد پەیکانی لەسەدا ٣٠ و مەهدی باباخانی لەسەدا ٣٨ی تووشی برینداری و بوون و لە بەشی چاوەدیریی تایبەت دەرمان و چارەسەرییان بۆ دەکرێت.

سەرلەئێوارەی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١١ی رەشەمە چەند قوتابییەکی خەڵکی ناوچەی کونجان چەمی شاری سنووریی مێهران پاش دەست هەڵگرتن لە قوتابخانە و لە کاتێکدا بە کایە کردنەوە بەرەو ماڵەوە دەگەڕانەوە، کەوتنە سەر مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵی ئێرانو ئێراق و پێنج قوتابیی تەمەن ٨ هەتا ١١ سال بەتوندی بریندار بوون.