بنەماڵەی قوربانیانی شرناخ خوازیاری درووست كردنی مۆنۆمێنتن

20:02 - 22 رێبەندان 2711
كوردپا: بنەماڵەی گیان لەدەست داوەكانی رووداوی شرناخ داوایان لە مەسعوود بارزانی كردوە كە بە مەبەستی بەرز راگرتنی یادی قوربانیانی گوندی رۆبۆسكی، مۆنۆمێنێتێك درووست بكات.

بنەماڵەی ئەو 35 هاووڵاتییەی كە رێكەوتی 8‌ی بەفرانبار لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكە جەنگییەكانی ئەرتشی توركیە گیانیان لەدەست دا، داوایان لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە لەلایەن حكوومەتەوە مۆنۆمێنتێك بۆ قوربانیانی شرناخ ساز بكرێت و لەسەر گۆڕی ئەو قوربانیانە لە گوندی ربۆسكی دابنرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی سكاڵایەكی بە مەبەستی بەدواداچوون بە دۆسیەی كوژرانی بە كۆمەلی هاووڵاتییانی شرناخ پێشكەش بە دادگای نێودەوڵەتیی تاوان لە هولەند كردووە.

لەلایەكی دیكەوە سەلاحەدین دەمیرتاش بەرپرسی پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی، سەرۆك وەزیری توركیەی بە بەرپرسیاری سەرەكیی بۆردومانی هاووڵاتییانی كوردی شرناخ تاوانبار كردووە.

دەمیرتاش ئاشكراشی كردووە، هەتا ئێستا زیاتر لە یەك مانگ بەسەر ئەو كارەساتەدا تێپەڕیوە، بەڵام حكوومەتی توركیە لەدانی زانیاری درووست لە چۆنیەتیی رووداوەكە خۆی دەبوێرێ‌.