بنەماڵەی جەوانمیر مورادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە هەڕەشەی دەسبەسەرکردنیان لێکرا

10:32 - 21 بەفرانبار 2720

هێزە ئەمنییەتییەکان لە شاری کرماشان، هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی بنەماڵەی جەوانمیر مورادی، ئەندامی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێرانیان کرد.

"فەوزیە خالیسی"، هاوژینی جەوانمیر مورادی، لە لاپەڕەی شەخسیی ئینیستاگرامی خۆیدا، نووسیوویەتی: پاش دەسبەسەرکردنی جەوانمیر لە ڕێکەوتی ١٤ی بەفرانبار، دوو ڕۆژ دواتر تەلەفوونیان بۆ کردم کە ئەگەر دەتانهەوێ چاوپێکەوتن لەگەڵ جەانمیر بکەن، دەبێت بێدەنگیی بپارێزن".

هاوژینی ئەو ئەندامەی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران، هەروەها نووسیوویەتی: "من قسەکانی ئەو کەسەم بڕی و پێم ڕاگەیاند، ئێستا جەوانمیر لە بەردەستی ئێوە دایە و ئیتر بۆ دەیشارنەوە".

فەوزیە خالیسی لە درێژەدا، نووسیوویەتی: "دواتر من بۆ ئەو ژمارەیە زەنگم لێدا، بەڵام ئەو ژمارەیە سڕابووە و ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار، چەند پیاو و ژنێک لە بەیانی هەتا دوانیوەڕۆ بە ماشینێکی سپی لە جۆری سەمەند، لە پێش ماڵەکەی ئێمەوە بوون و دواتر ڕۆیشتن".

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانبار، ئەو ئەندامەی یەکیەتیی ئازادیی کرێکارانی ئێران، لەلایەن لیباس شەخسییەکانەوە لە ڕێگەی تەلەفوونەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک لە نزیک کرماشان بانگهێشت و پاش سەردانی شوێنی پڕۆژەکەی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکوانە کرێکارییە، بە دەست و پێ بەستراوی، بردبوویانە ماڵەکەی خۆی و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو.