بریتانیا سەبارەت بە مەترسی دەستبەسەرکران لە ئێران هۆشداری بە هاووڵاتیانی خۆی دا

13:34 - 2 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا هۆشداری داوە بە هاووڵاتییانی بریتانیایی کە سەفەرەکانیان بۆ ئێران هەڵوەشێننەوە، چوونکە ئەگەری دەستبەسەرکرانیان هەیە.

لە ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی بریتانیادا هاتووە: هەر چەشنە هەڵسوکەوتێک، تەنانەت ئەگەر شیاوی باس کردن و شی‌کردنەوەش نەبێ، لەوانەیە ژیانی ئێوە بخاتە مەترسییەوە، تەنانەت ئەگەر بەباوەڕی خۆتان بێ‌خەسار و بێ‌مەترسیش بێت!.

ئەم ڕاگەیەندراو و هۆشداریدانە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی حەسەن ڕووحانی لەمەڕ نۆژەن کردنەوەی پێوەندییەکانی تاران و لەندەن.

پاش هاتنە سەرکاری ڕووحانی، نازەنین زاغری هاووڵاتیی ئێرانی بریتانیایی و کارگێڕی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لەلایەن سپای پاسدارانی کرمانەوە بە تۆمەتی بەشداری کردن لە پڕۆژەی \"براندازی\" دەستبەسەر کرا؛ تۆمەتێک کە وەک دەوڵەتی بریتانیا دەڵێ: تەنیا گاڵتەجاڕە!

ڕۆژنامەی گاردیەن لە زاری ڕیچارد ڕێتکلیفەوە ئاشکرای کردووە کە وێدەچێ کۆماری ئیسلامی بەتەمای ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان بێت.