"باپیرە بەرزە" پاش ٨ ڕۆژ تووشبوون بە نەخۆشیی کۆرۆنا ئیزنی مەرخەسیی دەرمانیی پێدرا

10:12 - 21 رەزبەر 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەر، "باپیرەبەرزە" زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "چیانە"ی پیرانشار کە لە زیندانی نەغەدە ماوەی زیندانییەکەی تێدەپەڕێنێت، پاش ٨ ڕۆژ لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئیزنی مەرەخەسیی دەرمانیی پێدرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە سیاسییە پاش تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕەوانەی دابڕگەی زیندانی نەغەدە کراوە و بەرپرسانی ئەو زیندانە تووشبوونی "باپیرە بەرزە"یان بە نەخۆشیی کۆرۆنا لە بنەماڵەکەی شاردبووەوە و بە بنەماڵەکەیان ڕایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان سەرمای خواردووە و تووشی هەڵامەت بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "پاش ناجێگربوونی باری تەندروستیی ئەو زیندانییە ناوبراو هاتووەتە مەرەخەسیی دەرمانی و هەنووکە لە نەخۆشخانەی پیرانشار لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە باری تەندروستیی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەی نالەبار ڕاگەیاندووە.

ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەر ئەو هاووڵاتییە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی خۆی بە زیندانی نەغەدە ناساند.

مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، حوکمی زیندانیکردنی ئەو هاووڵاتییە لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ لە ٤ ساڵ بۆ ٢ ساڵ  و ٦ مانگ کەم کرابووەوە.

کەمکردنەوەی زیندانیی تەعزیریی "باپیرە بەرزە" بە جێبەجێکردنی پەسەندکراوەی مەجلیسی شورای ئیسلامی لەمەڕ کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری ڕوویداوە و دۆسیەی ناوبراو لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ جارێکی دیکە تاوتوێ کرابوو.

پووشپەڕی ساڵی ٩٨، حوکمی ٨ مانگ زیندانیی "باپیرە بەرزە" لەسەر سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ ٤ ساڵ زیندانی زیادی کرد.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨ ناوبراو لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا و پاش بڕینەوەی ئەو حوکمە بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.