باپیرە بەرزە لە زیندانی نەغەدە بە مەرج ئازاد کرا

10:33 - 8 رەزبەر 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەر، باپیرە بەرزە، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی گوندی "چیانە"ی شاری پیرانشار، بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەو زیندانییە سیاسییە پاش ڕەزامەندیی لقی ١ی جێبەجێكاری تاوانەکانی شاری پیرانشار، شورای تەبەقەبەندیی زیندان و لقی ١ی دادگای پێداچوونەوە لە ورمێ، بە شێوەی مەرجدار ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی خەرمانان، ئەو زیندانییە سیاسییە لەمەڕ گواستنەوە لە زیندانی کراوە بۆ زیندانی داخراو، بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی گرت و لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندان کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو.

ماوەیەک لەمەوبەر، لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، لەگەڵ ئازادیی بە مەرجی ئەو زیندانییە سیاسییە دژایەتیی کردبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە پاش ڕەزامەندیی بەرپرسانی دادوەری گواسترابوو بۆ زیندانی کراوە.

پێشتر لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، لەگەڵ داواکاریی ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکیی ئەو زیندانییه سیاسییه دژایەتیی کردبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ڕەزبەری ٩٩، پاش ٨ ڕۆژ لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئیزنی مەرەخەسیی دەرمانیی پێ درا.

ڕۆژی سێشەممە ١ی ڕەزبەری ٩٩، ئەو هاووڵاتییە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، خۆی بە زیندانی نەغەدە ناساند.

مانگی گەلاوێژی ٩٩، حوکمی زیندانیکردنی ئەو هاووڵاتییە لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ لە ٤ ساڵ بۆ ٢ ساڵ  و ٦ مانگ کەم کرابووەوە.

کەمکردنەوەی زیندانیی تەعزیریی "باپیرە بەرزە" بە جێبەجێکردنی پەسەندکراوەی مەجلیسی شورای ئیسلامی لەمەڕ کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری ڕووی داوە و دۆسیەی ناوبراو لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ جارێکی دیکە تاوتوێ کرابوو.

پووشپەڕی ساڵی ٩٨، حوکمی ٨ مانگ زیندانیی "باپیرە بەرزە" لەسەر سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ ٤ ساڵ زیندانی زیادی کرد.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨ ناوبراو لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا و پاش بڕینەوەی ئەو حوکمە بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.