بانگهێشتکردنی بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان لە شاری مەهاباد بۆ ئیدارەی ئیتلاعات

10:34 - 6 خەزەڵوەر 2720

لە ڕۆژانی ڕابردوو، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد، ڕۆژانە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێر بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە دەکات و لێپرسینەوەیان لێ دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: "ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد بنەماڵەکانی ئەندامانی حیزبە کوردییەکانی بانگهێشت کردووە و دوای لێکردوون کوڕەکانیان کە ئەندامی حیزبە کوردییەکانن؛ بگەڕێننەوە بۆ ئێران".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بەو بنەماڵانەی کە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کردوون، ڕایگەیاندووە: "ئیمە هەموو تێچووی ڕۆیشتن و هاتنەوەی ئێوە بۆ گەڕانەوەی کوڕەکانتان لەئەستۆ دەگرین".

سەرچاوەی کوردپا هەروەها دەڵێت: "ئیدارەی ئیتلاعات بەو بنەماڵەلانەی وتووە ئێمە زەمانەتی کوڕەکانی ئێوە دەکەین کە هیچ جۆرە کێشەیەکییان، لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەوەکانی دیکەوە بۆ دروست نەبێت".

بە وتەی ئەو سەرچاوە، ئامانجی ناوەندە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییە حکوومەتییەکانی ئێران، لە کوردستان، دروستکردنی فەزای ئەمنییەتیی زیاترە.