بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی ٩ هاووڵاتیی کورد لە گوندی "زەردۆییـ"ـی بەخشی باینگان

10:41 - 22 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، ٥ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "میلاد بابایی، سمکۆ مەحموودی، بێهنام وەیسی، ئەحمەد بیابانی و یاسر حەیدەری" خەڵکی گوندی "زەردۆیی" سەر بەخشی باینگانی شاری پاوە، پاش بانگهێشت‌کردنیان بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی" لە گوندی زەردۆیی دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە، میلاد بابایی دێهیاری گوندی زەردۆیی بووە کە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، چوار ژنە هاووڵاتیی بە ناوەکانی "هەڕاڵە عەزیزی، کەوکەب حەیدەری، دونیا عەزیزی و فریشتە بیابانی" بە هەمان تۆمەتی بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپای پاسداران کران و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو ٥ هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لە بەردەسدا، نییە.

ڕۆژی پێنج شەممە ١٥ی خەزەڵوەر، پاش ڕاودوونانی ژمارەیەک لە کاسبکاران و مەڕدارانی گوندی زەردۆیی سەر باینگان لە شاری پاوە، لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییەوە، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵکی ئەو گوندە و هێزە نیزامییەکان هاتە ئاراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا  ڕایگەیاندووە: "دوو کەس لە دەستوپێوەندییەکانی حکوومەتی بە ناوەکانی "ئەلف و زاواکەی"، ڕاپۆرت لە چەند ماشێنی مەڕ و ماڵاتی کاسبکاران  لە گوندی زەردۆیی دەدەن کە لە ئاکامدا، شەڕ و تێکهەڵچوونی هێزە نیزامییەکان و خەڵکی ئەو گوندەی لێکەوتووتەوە  وهێزە نیزامییەکان دەستیان بە تەقەی هەوایی کرد."