بانگهێشت و داگادیی کردنی کرێکاران و دەرکرانیان لەسەر کار

14:16 - 10 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەندامێکی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران پاش بانگهیشت بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، رەوانەی دادگای ئینقلابی ئەو شارە کرا.

\"خەلیل کەریمی\" یەکێک لە ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی یەکیەتیی ئازادی کرێکاران، دوابەدوای ئەوەی کە رۆژانی٧ و ٨ی بانەمەڕ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعات شاری سنەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرا، رۆژی ٩ی بانەمەڕ لەلایەن مەئموورانی ئەو ئیدارەیە رەوانەی لقی ٤ی دادگای ئینقلابی شاری سنە کرا.

ماڵپەڕی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران بڵاوی کردەوە ئەو چالاکە کرێکارییە سەبارەت بە بەرێوە بردنی رێوڕەسمی رۆژی جیهانیی کرێکاران، لەلایەن دادوەرەوە دادگایی کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٩ی بانەمەڕ، ٧ کرێکاری کورد لە کارگەی قەند سازیی شارۆچکەی پیشەیی ژمارە ١ی شاری سنە لەسەر کار دەرکران.

ئەو کارگەیە ٩ کرێکاری کورد تێدا سەرقاڵی کار کردن بوون، کە بەبڕیاری کارفەرما ٧ کەسیان کە ٤ هەتا ١٤ ساڵ پێشینەی کار کردنیان بووە، لەسەر کار دەکراون و کارفەرما هۆکاری دەرکرانی ئەو کرێکارانەی گرانیی ماددەی خاو راگەیاندووە.