باندێکی گەندەڵیی دارایی دیکە لە ئێران ئاشکرا بوو

14:38 - 20 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند؛ باندێکی دزیی ٨ هەزار میلیاردییان دۆزیوەتەوە.

ڕۆژنامەی ئارمان لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە؛ جێگری وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆ خەبات لە دژی گەندەڵییە ماڵییەکان ڕایگەیاندووە؛ باندێکی دزیی زەبەلاحمان دۆزیوەتەوە کە بڕی ٨ هەزار میلیارد تمەن \"گەنداڵیی ماڵییان\" کردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە باندی ئاماژەبۆکراو، بە دامەزراندنی چەندین کۆمپانیای بازرگانی و بە ڕواڵەت، دانی ڕاوێژ بە کۆمپانیاکانی دیکە، لە باری بازرگانی و دزەکردن بۆ نێو ڕێکخراوی کاروباری ماڵیاتی، زانیارییە نهێنییەکانیان دزیوە و لەو ڕێگەوە، هەوڵی دەوردانەوەی یاساکانی ماڵیاتیان داوە کە بەم شێوەیە توانیویانە بڕی ٨ هەزار میلیارد تمەن بدزن.

ئەم باندە ماوەی چەندین ساڵە بە هاوکاریی یەکێک لە بانکەکانی ئێران کار دەکەن و هەر جارە و بە شێوازێک بۆ وێنە قاچاخی شتومەک، قۆرخ کردنی زەوی، ساختەکردنی بەڵگە، پارەشوشتنەوە و کاری ئەرز، درێژەیان بە چالاکییەکانیان داوە.

ماوەیەک پێش ئێستاش باندێکی هاوشێوە، دەستی بەسەردا گیرا، کە تێیدا \"محەمەد ڕەزا خاوەری\" سەرۆکی بانکی \"ملی\" بڕی ٣ هەزار میلیارد تمەنی دزیبوو.