بازرگانیی بە ماددە سڕکەرەکان بەرۆکی ئابووری ئێرانی گرتووەتەوە

20:08 - 12 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: قەیرانی ئابووری لە ئێراندا، بووەتە هۆی ئەوەی کە سفرەی بازرگانیی پڕ لە قازانجی ماددە سڕکەرەکان ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر ببێتەوە و داهاتی ئەو پارانەی کە لەم ڕێگایەوە دێتە وڵاتەوە ببێتە کێشەیەک بە ناوی\"سپی کردنەوە‌ی پارە\" لە وڵاتدا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، پشکی وردە فرۆشەکان و قاچاغچییەکانی ماددە سڕکەرەکان تەنیا ئێعدام و زیندانە کە وەبەرییان دەکەوێ.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان لە ساڵی ٢٠١٢ی نزیک بە سەدی ٧٦ و لە ساڵی ٢٠١٣شدا نزیک بە سەدی ٦٢، لە ئێعدامەکان لە وڵاتیی ئێراندا بۆ کڕین و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان دەگەڕێتەوە و بەپێی گوتەی بەرپرسانیی دادوەریی ئێران، ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠١٥دا گەیشتووەتە سەدی ٨٠ش.

\"ئێرەج عۆبەیدی\" یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتی مەجلیسی نۆهەم، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەری \"خانە ملت\"دا ڕایگەیاندووە کە \" سزای ئێعدام بۆ قاچاغی مادە سڕکەرەکان هیچ کاریگەرییەکی نەبووە\".

ئێران بەهۆی نزیکی سنوورەکانی لە وڵاتانی وەک ئەفغانستان و پاکستان بووەتە یەکێک لە سەرەکییترین شوێنی بازرگانی و بەکارهێنانی مادە سڕکەرەکان بە تایبەت تریاک و هەروەها بەرپرسانی ئێران ڕۆلێکی سەرەکیان لە تڕانزیت و قاچاغی ماددە سڕکەرەکاندا هەیە و لەم نێوانەشدا وردەفرۆشەکان سزای ئێعدامیان بەسەردا دەسەپێت و و باندە مافییاییەکانیش کەڵکێکی زۆر باش لە بازرگانیی‌کردن بەم ماددەیەوە وەردەگرن و لە ڕێگای دامەزراندنی ڕێکخراوەکان و پەرەپێدان بە گەندەڵی و دانی بەرتیل، بارودۆخی هاوردەکردنی ماددەسڕکەرەکان لە وڵاتانی جۆراوجۆر بۆ ئێران پێک دەهێنن.