ئایناز زارع بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

17:04 - 27 خەزەڵوەر 2720

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، ئایناز زارع، زیندانیی سیاسی لە بەندی ژنانی ورمێ، لەلایەن  لقی ١ی دادگای کەیفەریی تایبەت بە مێرمنداڵان و لاوانی ورمێ، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێ،  دادگا ئەو زیندانییەی بە "تۆمەتی هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردووە.

ئایناز زارع، لە کاتی دەسبەسەریدا، تەمەنی ژێر ١٨ ساڵ بووە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کرابوو.

 ئایناز زارع لەگەڵ دایکی "شاناز سادقی ‌فەر" بۆ ماوەی ٣ ساڵ ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران بوون و مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٨، پاش وەرگرتنی ئەماننامە لە سنووری بانە گەڕابوونەوە ئێران و دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەرکرانیان بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگویزرابوون و بۆ ماوەی دوو مانگ لەژێر لێکۆڵینەوەدا بوون.

خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، "شاناز سادقی ‌فەر" و "ئایناز زارع"، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرابوون.

مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، شاناز سادقی‌فەڕ، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر "شێخلوو" بە تۆمەتی ''ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ١٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.