ئایدین ئیمانی، تەمەن دوو مانگ بەهۆی ناشارەزایی وهەڵەی پزیشکی گیانی لەدەست دا

10:39 - 15 سەرماوەز 2720

ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەز، ئایدین ئیمانی، کۆرپەلەی تەمەن دوو مانگەی ئابدانانی سەر بە پارێزگای ئیلام، پاش ڕۆژێک ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی ئەبووزەری ئەهواز، گیانی لەدەست دا.

دوو ڕۆژ پێش، لە ئەنجامی کەمتەرخەمی و ناشارەزایی کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی ئیلام، بەرپرسانی ئەو نەخۆشخانەیە "گواهی فوتـ"ـی کۆرپەلەیەکی دوو مانگەیان دەر کرد.

پاش ڕادەستکردنەوەی ئەو کۆرپەلە دوو مانگەیە بە بنەماڵەکەی؛ لە کاتی شۆردنی، مردووشۆرکە ئاگاداری لێدانی دڵی ئەو کۆرپەلەیە دەبێت و بنەماڵە و ئۆرژانسی نەخۆشخانە ئاگادار دەکاتەوە.

سەرچاوە خۆجێییەکانی شاری ئابدانان بڵاویان کردبووە، پاش ئاگاداربوونی بەرپرسانی نەخۆشخانەی "محەممەد ڕەسووڵەڵڵا"، لەو ڕووداوە و پشتڕاستکردنەوەی زیندووبوونی ئەو کۆرپەلە بۆ چاوەدێری زیاترکردنی ئەو کۆرپەلەیە، دووبارە ڕەوانەی نەخۆشخانە ئابدانانیان کرد کە دواتر گیانی لەدەست دا.

لە ئێراندا زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێ بەو هۆیەشەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزار دۆسیەی پەیوەندییدار بە هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.