ئاگرکەوتنەوە لە پاڵەوگەی نەوت و گاز چوار قوربانیی لێ‌کەوتەوە

21:28 - 17 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: جێگری ئۆرژانسی ١١٥ی شاری شاروود ڕایگەیاند: لە ئاگرکەوتنەوەی پاڵاوگەی نەوت و گازی شاری شاڕوود، سەر بە پارێزگای سمنان بەیانیی ڕۆژی هەینی چوار هاووڵاتیی بوونە قوربانی.

ناسر سلێمانپوور لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی \"ئیرنا\" ڕایگەیاند: بریندارەکان لە کرێکارانی پاڵاوگەی نەوت و گاز بوون، کە دوو کەسیان بە سەختی بریندار بوون و دوو کرێکارەکەی دیکە تووشی شکاویی دەست و لاق هاتبوون.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێت؛ بریندارەکان بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن لە شاری شاڕوود کراون و دوو کەسەکەی دیکەش پاش چارەسەری سەرەتایی ڕەوانەی ماڵەوە کراون.

پاڵاوگەی نەوت و گازی شاری شاڕوود، سەر لە بەیانیی ڕۆژی هەینی تووشی ئاگرکەوتنەوە بووە، کە بە هەوڵی هێزەکانی ئاگرکوژێنەوەی شاری شاڕوود، بەستام، دامۆغان، شێرکەتی لوولە و موخابراتی باکووری ڕۆژهەڵات، شیرکەتی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان، کاتژمێر ٧.٢٠ خوڵەک کۆنتڕۆڵ کرا.

سڵێمانپوور ئەوەشی خستەڕوو، پاش ئاگادار بوون لەو ڕووداوە تیمەکانی فریاکەوتن بە سێ ماشینی ئامبوڵانس لە شوێنی ڕووداوەکە حازر بوون.

بە هۆی کۆنیی و پرتووکاوی کەرەستە و ئامێرەکانی پاڵاوگەکانی نەوت و گاز لە ئێران، ماوەیەکە بە بەردەوامی شاهێدی ئاگر کەوتنەوە لەو شوینە هەستیارانەی وڵاتی ئێران دەبین. سەرەڕای کەوتنە مەترسیی گیانی کرێکاران و فەرمانبەرانی ئەو پاڵاوگانە، ئەوەی زەق خۆی دەنوێنێت ئەوەیە کە لەپاش بەرجام و ڕێککەوتنەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ و ئازاد کرانی پارە بلۆکە کراوەکانی ئێران، ئایا ئەو پارەگەلە تێچووی نۆژەن کردنەوەی شوێنە پیشەییە داڕزاوەکانی وڵاتی ئێران بوون، یان گیرفانی گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەی لێ ئاخنراوە؟