ئاگرکەوتنەوە بەردەوامەکان هەناسەی دارستانەکانی کوردستانی بڕیووە

15:05 - 16 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لێرەوارەکانی ناوچەی ئیلام، نزیکەی١٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، نزیکی ١٠ هێکتار لە دارستانی شارەکانی دەڕەشار و ئەیوان لە پارێزگای ئیلام سووتان.

ناوچەکانی دەڕەشار و ئەیوانی پارێزگای ئیلام وەکوو گرینگترین کوێستان و ناوچەی شین بوونی ڕووەکی سروشتی و هەروەها بوونی چەشنەکانی گیانلەبەران، لە پارێزگای ئیلام ئاگریان تێبەر بووە و خەساری بەرچاویان پێ گەییشتووە.

هەروەها فەرمانداری شاری قەسری شیرین ڕایگەیاند: دارستان و لەوڕگەی ناوچەکانی قەسری شیرین، سەرپێلی زەهاو و گیلان غەرب لە ئاگردا سووتان.

فەرامەرز ئەکبەری لەو بارەیەوە گوتوویەتی:\" سەرەڕای هەوڵی هاووڵاتییان و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بۆ کوژاندنەوە و کونتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوە بە هۆی بەربڵاوی ناوچەکە هەتا ئێستا درێژەی هەیە.

هەر لەو پەیوەندییەدا: ڕۆژی ڕابردوو، دارستان و لەوەڕگەکانی گوندی \"خانمە شێخان\" سەر بە شاری مەریوان ئاگریان تێبەردرا.

دەوترێ، لایەن پەیوەندییەدارەکانی حکوومەتی هیچ هەوڵێکیان بۆ کوژراندوەی و کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوە لەو گوندە نەداوە.

هەر چەند بەرپرسایەتیی پاراستنی دارستانەکان و لەوەڕگەکان لە ئەستۆی ناوەندە حکوومەتییەکان وەک ئیدارەی ژینگەپارێزی، جەنگەڵبانی و ئیدارەی ئاگرکۆژێنەوەیە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هاووڵاتییانی کوردی چالاکی بواری ژینگەپارێزی و خەڵکی گوندەکان بە شێوەی خۆڕسک هەوڵی کۆژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.