ئامریکا: پشتیوانیی حکوومەتی ئێران لە تیرۆریزم لە ٢٠ ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە

16:29 - 10 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا کە سەبارەت بە دیاردەی تیرۆریزم لە جیهاندا بڵاوی کردەوە، حکوومەتی ئیڕانی وەک یەکێک لە سەرەکیترین حکوومەتەکانی پشتیوانی تیرۆریزم لەقەڵەم دا.

ئەو راپۆرتە کە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٩ی جۆزەردان بڵاو کرایەوە، هێزەکانی حیزبوڵڵای لوبنان، سپای قودس و وەزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران وەک \"پشتیوانی تیرۆریزم\" لە ساڵی ٢٠١٢دا رۆڵیان بینیوە کە لە ماوەی ٢٠ سالی رابردوودا بێ‌وێنە بووە.

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ئاماژەی بە چەندین کردەوە و پلانی تیرۆریستی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی \"ئاسیایی، ئافریقا و ئوروپا\"ییدا کردووە.

لەو راپۆرتەدا حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان وەک بەڕێوەبەران و ئەنجامدەرانی تەقاندنەوەی ئۆتوبووسی هەڵگری گەشتیارانی ئیسرایلی لە وڵاتی بوڵغارستان، لە قەڵەم دراون.

هەروەها \"تایلەند، هیندستان، کینیا و گورجستان\" ئەو وڵاتانە بوون کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کردەوەی تیرۆریستی تێدا ئەنجام داوە یان پلانی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستیی لەو وڵاتانەدا هەبووە.

لە مانگی رێبەندانی ساڵی رابردوودا ماشێنێکی مین‌ڕێژ کراو لە شاری دێهلی و لە نزیک باڵوێزخانەی وڵاتی ئیسرایل تەقێندرایەوەو ٤ کەس کە یەکیان هاوسەری لێپرسراواێکیی ئیسرایلی بوو، کوژران.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی وڵاتی گورجستان رایگەیاند: ماشێنێکی بۆمبڕێژ کراوی لە نزیک باڵوێزخانەی ئیسرایل لە شاری \"تفلیس\" پووچەڵ کردۆتەوە.

دوابەداوی ئەو رووداوانە سەرۆک وەزیری ئیسرایل، حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانی وەک بەڕێوەبەر و پلان دارێژەری ئەو کردەوە تیرۆریستییە لەقەڵەم دا.

لە درێژەی ئەو راپۆرتەدا هاتووە، لە سالی ٢٠١٢ی زایینی دا زیاتر لە ٦ هەزار و ٧٠٠ کردەوەی تیرۆریستی لە ٨٥ وڵاتی جیهاندا روویان داوە کەلە ئەنجامی ئەو کردەوە تیرۆریستیانەدا سەرجەم ١١ هەزار کەس بوونەتە قوربانی کە لە کۆی ئەو رێژەیە وڵاتانی ئێراق، پاکستان و ئەفغانستان ٦٢%ی قوربانیانیان لەخۆ گرتووە.