ئامریکا لەمەڕ دامەزراندنی سانترفیووژی پێشکەوتوو لە بنکەی ناوکیی نەتەنز، هوشداریی دایە وڵاتی ئێران

15:18 - 13 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەبێ لەبەر چاو گرتنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سانترفیووژی پێشکەوتوو لە بنکەی ناوکیی نەتەنز دادەمەزرێنێت.

\"جی کارنی\" وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، کە گەڵاڵەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ دانانی سانترفیووژی پێشکەوتوو لە بنکەی ناوکیی نەتەنز، هۆکاری بەرین بوونەوەی گرژییەکانی نێوان دەوڵەتی ئامریکا و حکوومەتی ئەو وڵاتەیە.

حکوومەتی ئێران بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکیی راگەیاندووە، کەلە ماوەیەکی نزیکدا لە بنکەی ناوکیی نەتەنز چەندین سانترفیووژی پێشکەوتوو بە مەبەستی خێرایی بەخشین بە پیتاندنی ئورانیۆم دادەمەزرێنێت.

وتەبێژی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە داوە، دامەزراندنی ئەو سانترفیووژانە بێ‌گومان دەبێتە هۆکاری بەرین بوونەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و سەرجەم هەوڵەکان بۆ رەوینەوەی نیگەرانییەکان لە ناو دەبات.

\"10948.jpg\"
بنکەی ناوکیی نەتەنز
پەرچە کرداری ئیسراییل

دەوڵەتی ئیسراییل گومانی لە بەرنامەی ناوکیی حکوومەتی ئێران هەیە و رایگەیاندووە: دانانی سانترفیووژ لە دامەزراوەی نەتەنز یەکێک لە هەوڵە سەرەکییەکانی ئەو حکوومەتە بۆ دەست پێڕاگەیشتن بە بۆمبی ئەتۆمییە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی پایەبەرزی دەوڵەتی ئیسراییل رایگەیاندووە، لە کاتێکدا وڵاتانی جیهان سەرقاڵی وتووێژ و دیاری کردنی کات و شوێنی دانیشتنەکان لەسەر بەرنامەی ناوکیی حکوومەتی ئێران، ئەو وڵاتە لە هەوڵی دەست پێڕاگەیشتن بە بۆمبی ناوکی دایە.

ئەو بەرپرسەی دەوڵەتی ئیسراییل باسی لەوەش کردووە، حکوومەتی ئێران سەرجەم بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە و پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی رێگری لە دەست پێڕاگەشتنی ئەو حکوومەتە بە چەکی ناوکی بکات.

ئەوە لە حاڵیک دایە لە زۆربەی دانیشتنەکاندا نوێنەرانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی باسیان لە راگرتنی پیتاندنی ئورانیۆم کردووە، بەڵام حکوومەتی ئێران بەردەوام ئەو داوایەی ئاژانسی رەت کردۆتەوە.

حکوومەتی ئێران لە ئێستادا زیاتر لە ١٠ هەزار سانترفیووژی پیتاندنی ئورانیۆمی لە بنکەی ناوکیی \"نەتەنز\"، \"پارچین\" هەیە و لە بنکەکانی \"فۆردۆ\" و باشووری رۆژئاوای ئێران زیاتر لە ٣ هەزار سانترفیووژ، ئورانیۆمی سەرووی ٢٠% بەرهەم دێنن.