ئازاردانی جینسی ژنان لە ئێران دۆم دەکا

14:15 - 24 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: \"ئالێکس ڕینۆڵد\"، گەڕیدەیەکی ئامریکاییە کە لە کۆتاییەکانی مانگی سێپتامبری ئەمساڵ وێڕای هاوسەرەکەی بە مەبەستی گەشتیاری ڕوویان لە ئێران کرد کە لەوێدا بەرەوڕووی کۆمەڵێک ئازاری جینسی بوویەوە و دواتر ڕاپۆرتێکی لەم بەسەرهاتە بڵاو کردەوە.

ڕینۆڵد لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە کە لە ماوەی 4ڕۆژدا کە لە ئێران بووە 4جار هەوڵی دەسدرێژی کردنیان بۆ سەری داوە و لەو ماوەیەشدا زۆرێک لەو کچ و ژنانەی بینیوە کە وەک خۆی پەلامار دراون.

ناوبراو دەڵێ لە یەکێک لە شەقامەکانی تاراندا کاتێک سەیری دوکانەکانی دەکرد لەناکاو زانی کە کۆمەڵێک لەو خەڵکە بە مۆبایلەکانیان سەرقاڵی وێنە هەڵگرتن لە جەستەی ئەون و تەنانەت هەندێکیشیان قسەی سوکیان پێ وتووە و ویستوویانە دەستی بۆ بەرن.

ئەم ڕاپۆرتە کە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە ئەوپەڕی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان لە کۆمەڵگای ئێران پیشان دەدات.

ناوبراو دەنووسێ: من زۆر وڵاتی دنیا گەڕاوم و ئەزموونی لەم چەشنەم لە وڵاتەکانی تریش بینیوە بەڵام هیچ وڵاتێک وەک ئێران ئازاردانی جینسی تێیدا زۆر نییە چوونکە جاری وا هەبووە کە تەنانەت هاوسەرەکەم لەگەڵم بووە و پیاوەکان بەوپەڕی بێ شەرمییەوە هەوڵی ئازاردانی منیان داوە.

ئەم گەڕیدە ئامریکاییە باس لەوە دەکات کە چەند ژنێکی دیکەی لەم سەفەرەدا دواندووە کە ئەوانیش ئازار دراون و لێیانی پرسیوە کە بۆچی لەلای پۆلیس سکاڵا ناکەن کە لە وەڵامیدا وتوویانە ئێمە تەنانەت لە پۆلیسیش دەترسین کە ئازارمان بدەن.

لە ئێراندا هیچ یاسایەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی وەها حاڵەتگەلێک بوونی نییە کە بەڕای کۆمەلناسان ئەم بۆشاییە یاساییە یەکێکە لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی دیاردەی ئاماژەبۆکراو؛ هەروەها کارناسان نەبوون یان لاوازی بەرنامە فێرکاری و ئاموزشییەکان و جیاکردنەوەی جنسیەتی (تفکیک جنسیتی) بە چەند هۆکاری بەهێز بۆ پەرەگرتوویی ئەم دیاردە لەقەڵەم دەدەن.