ئازار و زامی کرێکاران ساڕێژ نابێت

19:53 - 21 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵێک لە کرێکارانی شارەوانیی شاری بجنوورد بە هۆی دوا کەوتنی مووچەکانیان، ناڕەزایەتیان دەڕبری.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ناوەندی دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە کوردستان، بڵاوی کردووەتەوە کە؛ \"کرێکارانی شارەوانیی شاری \"بجنوورد\" سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور، ڕۆژی ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی، بە هۆی وەداکەوتنی مووچەکانیان بۆ ماوەی ٤مانگ، لە بەردەم بینای شارەوانیی ئەم شارە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

هەواڵدەریی \"ئیلنا\"ش سەبارەت بەم بابەتە بڵاوی کردووەتەوە کە؛ \"کۆی گشتی داواکارییەکانی ئەم کرێکارانە ٤میلیارد تمەن بەراورد کراوە و هەتاکوو ئێستاش ئەم پارەیە بەو کرێکارانە نەدراوە\".

جێی باسە، جگە لە وەدا کەوتنی مووچەی ئەم کرێکارانە ، حەقی بیمەی ئەم کرێکارانەش وەدوا کەوتووە و کۆی گشتیی پارەی وەداکەوتووی بیمەی ئەم کرێکارانەش بە ١٤ میلیارد تمەن گەیشتووە.

ناڕەزایەتی دەربرینی ئەم کرێکارانە لە شاری بجنوورد لەکاتێکدایە کە؛ هەوکات، لە شاری ئەراکیش کرێکارانی شیرکەتی ماشینسازیی \"هێپکۆ\"، بە هۆی مووچەی وەدواکەوتوویان، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بەردەوامیی ئەم کێشانە لەکاتێکدایە کە؛ حکومەتی ئێران بۆ هەناردە کردنی چەک و پاڵپشتی لە چەکدارەکانی هەشتی شەعبی و حووسییەکانی یەمەن و گەیاندنی یارمەتیی ماڵی بە حیزبوڵڵای لوبنان لە هیچ یارمەتییەک کۆتایی ناکات، بەڵام حەقدەستی کرێکاران بۆ ماوەی چەند مانگ و یەک ساڵ وەدوا دەخەن و دەنگۆی ئەوە دەخەنە ئاراوە کە، پارەیان نییە و وەڵامدەری داخوازە ڕەواکانی ئەم تۆیژە زەحمەتکێشە نین.