ئازادکرانی مەرجداری دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی سەقز

16:37 - 5 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شارستانی سەقز، پاش تێپەڕاندنی ١ ساڵ زیندان، بە شێوەی مەرجدار لە زیندان ئازاد کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو زیندانی سیاسیی کورد، بەناوەکانی کامیل و غەریب شەریف‌زادە، پاش ١٢ مانگ راگیران لە زیندانی ناوەندیی شاری سەقز، رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی مانگی رابردوو (١٣٩٣) لە زیندان ئازاد کران.

کامیل شەریف‌زادە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئیقلابی شاری سەقزەوە حوکمی ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری بۆ برابوویەوە و هەروەها غەریب شەریف‌زادەش بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

کامیل و غریب شەریف‌زادە، مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ هاوڕێ لەگەڵ کەسیکی دیکە بەناوی عیرفان مەجیدی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لەشاری سەقز دەستبەسەر و پاش ماوەیەک راگیران لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، بۆ زیندانی ناوەندیی سەقز گوازرانەوە.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، مانگی سەرماوەزی ساڵی رابردوو (١٣٩٢)، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، بە زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.