ئارام فەتحی بۆ زیندانی مەریوان ڕاگوێزرا

11:04 - 30 جۆزەردان 2721

ئارام فەتحی، شاعیر و چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوان کە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە مەدەنییە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاندووە: "ئەو چالاکە مەدەنییە هەتا ئێستا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و لە تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "ئارام فەتحی نەخۆشیی ڕۆماتیسمی هەیە و پێویستیی بە دەرمان و چاوەدێری پزیشکی هەیە".

بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

دەسبەسەرکردنی ئارام فەتحی بە بڕیاری دادستانی مەریوان بووە و هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵەکەی هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو لەوانە لەپ‌تاپ، هارد و مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

ئارام فەتحی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، چەندین جار لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بانگهێشت و دەسبەسەر کراوە.