UN : مافی كەمینە نەتەوەیی و مەزهەبییەكان لەئێران پارێزراو نییە

14:37 - 13 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: لەنوێترین راپۆرتی ساڵانەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان جارێكی دیكە سەبارەت بە بارودۆخی پێشێڵكردنی مافی مرۆڤ لەئێران نیگەرانی دەربڕدراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، دەفتەری \"بانكیمۆن\" بەرپرسی گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رۆژی سێشەممە ١٢ی رەشەممە رایگەیاندووە، حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بەڵێنیەكانی خۆی لەمەڕ پاراستنی لە كەمینە ئیتنیكی و مەزهەبییەكان بە جێنەگەیاندووە.

لەبەشێكی ئەو راپۆرتەدا هاتووە، كەسانێک كە خوازیاری ناساندنی زیاتری مافە فەرهەنگی و زمانیەكانی خۆیانن دەكەونە بەر سزای زۆر قورس و تەنانەت بەرەوڕووی ئێعدامیش دەبنەوە.

بانكیمۆن وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە دۆخی مافی مرۆڤی ژێر دەستی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دەڵێ، بەرپرسانی حكوومەتی لە ١٠ مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٤ دا، لانی كەم ٥٠٠ كەس و بگرە زیاتریشیان لە سێدارە دراوە.

دویچە وێلە بەشێك لەو راپۆرتەی بەرپرسی گشتیی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانی بڵاو كردۆتەوە و تێیدا هاتووە: گومان لێكراوەكان لەئێران بە توندرترین شێوە ئەشكەنجە كراون و بە دەیان مانگ بێئەوەی پارێزەریان هەبێت لەزیندانە تاكەكەسیەكاندا رادەگیرێن و بە تۆمەتی \" فساد فی الارض و محاربە\" لەگەڵ مەرگ بەرەوڕوو دەبنەوە.

\"25130.jpg\"
بانكیمۆن: بەرپرسانی حكوومەتی ئیران لە ١٠ مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠١٤ دا، لانی كەم ٥٠٠ كەس و بگرە زیاتریشیان لە سێدارە دراوە
لە راپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە: نزیك بە ٢ لەسەر سێی ژنان قوربانیی دەستی توندوتیژی نێو بنەماڵەكانن و كچەكانیش بە ناچاری و زۆرەملێژیان هاوسەرگیری دەكەن.

حكوومەتی ئیسلامیی ئێران هەر وەكوو پێشوو ئیزنی سەردانی رێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ وڵاتەكەی نادات و بەپێی ناوەڕۆكە راپۆرتەكە، ئێران هەتا ئێستا وڵامی ٢٤ پرسیار لە كۆی گشتیی ٢٩ پرسیارەكەی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانی لەمەڕ مافی مرۆڤ نەداوەتەوە.

٢٨ یەمین كۆبوونەوەی ساڵانەی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ١١ی رەشەممەوە هەتا ٨ی خاكەلێوە دەخایەنێ تێیدا سیاسەتی دەوڵەتەكان و مافی مرۆڤ، مافی منداڵان، توندوتیژی دژی ژنان، سزای سێدارە، مافی كەمئەندامان، هەڵاواردنی رەگەزی و گۆڕانە ناوچەییەكان باس دەكرێت.

كۆبوونەوەی شۆرای مافی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەحاڵی تاوتوێكردنی پەروەندەی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران دایە.