CNBC: داهاتی نەوتیی ئێران 70% كەمی كردووە

21:42 - 18 خەرمانان 2712
ئاژانسی کوردپا: بەپێی راپۆرتی شەبەكەی خەبەری \"سی ئێن سی بی\" داهاتە نەوتییەكانی ئێران هەتا لە پووشپەڕی ئەمساڵ 70% كەمی كردووە و ئەگەری ئەوە هەیە بە بەراوردی ساڵی پێشوو گەیشتبێتە كەمتر لە یەك لەسەر سێ.

لە راپۆرتەكەی شەبەكەی خەبەریی CNBCدا هاتووە دوابەدوای جێبەجێ بوونی گەمارۆكانی ئەمریكا و یەكیەتیی ئورووپا، هەناردە و هاوردەی نەوتیی ئێران، دابەزینێكی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بەپێی بەراوردی كارناسانی وزە، داهاتی نەوتیی ئێران لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بە نیسبەت هەمان مانگ لە ساڵی پار لە دە میلیارد دۆلارەوە گەیشتۆتە نزیك بە سێ میلیارد دۆلار.

هەمان سەرچاوە لەزاری ترور هۆسر، كارناسێكی نێودەوڵەتی لە بواری وزە و داهاتە سروشتییەكانەوە بڵاوی كردۆتەوە، ئەنجامی تاوتوێی پێوەندیدار بە دانوستانی كڕیارانی نەوتی خاوی ئێران دەریخستووە ئەوان لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵدا بە نیسبەت هەمان ماوە لە ساڵی پار كڕینی نەوتی خۆیان لە ئێران بە یەك لەسەر سێ كەم كردۆتەوە.

كەم بوونەوەی داهاتە نەوتییەكانی ئێران لە كاتێك دان كە رۆژ لە دوای رۆژ بەستراوەیی بەرفراوانی ئێران بە داهاتی نەوت زیاتر دەبێت و لەم پێوەندییەدا بەرپرسی گشتیی گۆمركی ئێران دەڵێت، پتر لە 80% هاوردەی كاڵا لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا لە رێگای داهاتی نەوتەوە بوون و ئەمەش هۆشدارێكە كە لەمێژە ئابووریزانان بە دەسەڵاتدارانی ئێرانیان راگەیاندووە.

لەلایەكی دیكەشەوە بەپێی ئامارەكان لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا رێژەی هەناردەی نەوتی ئێران لە دوو میلیۆن و دوو سەد هەزار بۆشكە لە یەك رۆژدا بۆ یەك میلیۆن بۆشكە لە یەك رۆژدا دابەزیوە و هاوكات بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لە ماوەی پێنج ساڵی دواییدا گەیشتۆتە كەمترین ئاستی خۆی.