سەقز؛ بەردەوامی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی هێمن حسەینی

16:35 - 10 بانەمەڕ 2726

٩ی بانەمەڕی ١٤٠٥، سەرەڕای تێپەرینی ١٦ ڕۆژ لە کاتی دەسبەسەرکرانی هێمن حسەینی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی سەقز چارەنووسی ناوبراو هێشتا ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و تاکوو ئێستا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوەیە ڕاگەیاند: تاکوو ئێستا هەوڵەکانی بنەماڵەی هێمن حسەینی بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام بوونه.

ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٤یش، ئەم هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی ئازاد کرابوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.