پیرانشار؛ محەممەدقادر گۆلابی پاش ٤٥ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕوویانە بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا
08:56 - 7 بانەمەڕ 2726
٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥؛ محەممەدقادر گۆلابی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار پاش ٤٥ ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕوویانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا بە دانانی بارمتەی قورس بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، محەممەدقادر گۆلابی کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٤٠٤ بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەشێوەی سەرەڕوویانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و پاش ٤٥ ڕۆژ دەسبەسەرکران، لە ماوەی حەوتووی ڕابردوو بە دانانی بارمتەی قورس بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ئەم هاووڵاتییە لەماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن به پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەری بووە.