شنۆ؛ دەسبەسەرکرانی سەید ئەنوەر عەلەوی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار

08:18 - 7 بانەمەڕ 2726

٧ی بانەمەڕی ١٤٠٥؛ لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی «سەید ئەنوەر عەلەوی» خەڵکی گوندی «خانلەر» سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوه.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردووە و ناوبراو تاکوو ئێستا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەری بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.