ورمێ؛ حوکمی سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کورد لە دیوانی باڵای وڵاتدا پشتڕاست کرایەوە
٦ی بانەمەڕی ١٤٠٥؛ دیوانی باڵای وڵات حوکمی سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کورد بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کە ڕێبەندانی ١٤٠٤ ئەو حوکمە بۆ جاری سێیەم لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، دەرچوو بوو، وەکوو خۆی پشتڕاستی کردەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم بەندکراوە ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕی ١٤٠٥ بە لقی جێبەجێکاری ئەحکامی زیندانی ورمێ بانگهێشت کراوە و پشتڕاست کردنی حوکمی لەسێدارەدانی بە فەرمی پێڕاگەیەندراوە.
ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ ناسر بەکرزادە سەرەڕای هەڵوەشانەوەی دوو جاری پێشووی حوکمەکەی لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات بۆ جاری سێیەم لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، بە لەسێدارەدران سزا درا و ئەم حوکمە ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بەفەرمی بە پارێزەرەکانی ئەم بەندکراوە ڕاگەیەندرا.
١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٤؛ سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی کورد بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ دیسانەوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات هەڵوەشایەوە و دۆسییەکەی بۆ پێڕاگەیشتن ڕادەستی دادگای ئینقلابی ورمێ کرایەوە.
بەکرزادە، ماوەیەک پێش بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شاهینی" بۆ جاری دووهەم، سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.
لە خاکەلێوەی ١٤٠٤دا، سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە کوردە لە قۆناغی کۆتایی داواکاریدا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە و بۆ پێڕاگەیشتنی دووبارە ڕادەستی لقی هاوتەریب کرا.
لە خەزەڵوەری ١٤٠٣دا، ناسر بەکرزادەی تەمەن ٢٥ ساڵ لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێوە بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درا.
کۆبوونەوەی دادگای پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ناسر بەکرزادە لە ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٣دا لە دادگای ورمێ بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" بە لەسێدارەدران سزا درابوو.
ئەم هاووڵاتییە، لە ڕۆژی ١٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش چەند حەفتە لێپرسینەوە بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ورمێ، لە ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٢دا جارێکی دیکە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش چەند مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە پادگانی ئەلمەهدیی سپای ورمێوە بۆ بەندیخانەی ئەم شارە ڕاگوێزرابوو.