سنە؛ چۆڵکردنی زۆرەملێ نەخۆشخانەی تایبەتی «سیدالشهدا» و جێگیرکردنی هێزەکانی سپای پاسداران/ ترس و دڵەراوکێی خەڵک و هەروەها بەجێهێشتنی ماڵەکانیان

05:28 - 14 رەشەمه 2725

۱۴ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴ – لە ڕۆژانی دواییدا و هاوکات لەگەڵ پێکدادانی سەربازی نێوان ئیسرائیل–ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەخۆشخانەی تایبەتی «سیدالشهدا» لە شاری سنە، بە زۆرەملێ لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە کادری پزیشکی و کارمەندان چۆڵ کراوە و بووەتە شوێنی جێگیرکردنی هێزەکانی سپا. هەروەها هەندێک لە دانیشتووانی دەورووبەری ئەم نەخۆشخانەیە بە هۆی نیگەرانی و مەترسی لەسەر ژیانیان ماڵەکانی خۆیانیان بە تەواوەتی بە جێهێشتووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای  ڕاگەیاند: «کارمەندان و کادری پزیشکی ئەم نەخۆشخانەیە بە زۆرەملێ دەرکراوە و پێیان ڕاگەیاندراوە کە نابێت لە شوێنەکە ئامادە بن، چونکە نەخۆشخانەکە کراوەتە مەقەڕی سپا.» بە پێی وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزە سەربازییەکانی سپا کە لە دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ هەندێک لە دامەزراوە سەربازی و حکومەتییەکان ناوەندەکانی پێشووی خۆیان چۆڵ کردووە و لەم نەخۆشخانەیە جێگیر بوون.

ئەم سەرچاوەیە زیادیکرد: هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی گرتنگەی «شارامفەر»ـی شاری سنە سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا و هەروەها بەشێک لە هێزە ناوخۆییەکان سەر بە سپای پاسداران کە بە «جاش» ناسراون، لەم شوێنەشدا ئامادەن.

بەپێی وتەی ئەم سەرچاوەیە، بە ئاشکرا بوونی جێگیر کردنی هێزە سەربازییەکان لە ناوەندێکی چارەسەری تایبەت، نیگەرانیی دانیشتووانی دەورووبەر زیادیکردووە و هەندێک خێزان بەهۆی ترس لە ئامانجگرتنی ئەم شوێنە، ماڵەکانی خۆیان چۆڵ کردووە.

نەخۆشخانەی تایبەتی «سیدالشهدا»؛

نەخۆشخانەی تایبەتی «سیدالشهدا»، کە لە مەیدانی «کوهنەوەرد»، «شەقامی مبارک ئاوا»، لە نزیکی بلواری «شبلی» هەڵکەوتووە و لە بەشە جیاوازەکانی شارەوە ڕیگای رویشتنی هەیە، ئەم نەخۆشخانەیە دوو نهۆمی هەیە و توانایەکی  مامناوەندی پەسەندکردنی نەخۆشانی هەیە لە پەیوەندی بە چارەسەری گشتی، نەشتەرگەری، ژنان و ....

گرتنگەی ئەمنییەتی شارامفەر؛

گرتنگەی ئەمنییەتیی «شارامفەر» کە لە ژێر چاوەدێری ڕاستەوخۆی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بەڕێوە دەبردێت، وەک یەکێک لە نهێنی‌ترین ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە بۆ فشار لەسەر چالاکوانی سیاسی، مەدەنی، ژینگەپارێزی و دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکان ناسراوە؛ ئەم ناوەندە بە بنیاتێکی دوو نهۆمی کە ژوورەکانی لێکۆڵینەوە و نزیکەی ۳۰ ژووری تاکەکەسی و چەند کەسی (بە قەبارەیەکی زۆر بچووک و بێ پەنجەرە) درووست کراوە. لەم شوێنەدا دەستبەسەرکراوان لە دۆخێکی  تەواو جیاواز و بێبەش لە مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر دەستبەسەر کراون.  بەپێی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤ، بە ڕێگاکانی وەک  هەڵبوونی ۲۴ کاتژمێری چراکانی رۆشنایی، سنووردارکردنی توند لە بەکارهێنانی خزمەتگوزاریی، کەڵک وەرگرتن لە تەوالێت و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بۆ دانپێدانانی زۆرەمڵی لەژێر فشاردا ڕووبەڕوو دەبنەوە. لە کاتێکدا بەهۆی نەبوونی چاودێری ڕێکخراوی زیندانەکان لەم شوێنە، چارەنووسی زۆربەی زیندانییان تا کاتی گواستنەوەیان بۆ زیندانی ناوەندی لە ناڕوونی تەواودا دەمێنێتەوە.

هەڵوێستی کوردپا:

کوردپا وەک دامەزراوەیەکی مافی مرۆڤ، سەبارەت بە بەکارهێنانی ناوەندێکی چارەسەری وەک شوێنی جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکان هۆشیاری دەدات. بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، ناوەندە چارەسەرییەکان ئەبێ لە پاراستنی تایبەتدا بن و گۆڕینیان و بە ئامانج کردنیان بۆ نیشتەجێ کردنی هێزی سەربازی،  ژیانی نەخۆشەکان و کادری چارەسەری و دانیشتووانی دەورووبەر دەخاتە مەترسییەوە. لە کاتێکدا ا کە ئەم نەخۆشخانەیە لە ناوچەی نیشتەجێبوونی خەڵکدا لە ناوەڕاستی شاردایە  جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکان دەتوانێت هەموو ناوچەکە بگۆڕێت بۆ ئامانجی هێرشەکان و هەستی نائاسایشییەکی بەرین لە نێوان هاووڵاتییاندا درووست بکات.

هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوە، هۆشیاری گشتی یان ڕێنماییەکی ئەمنی سەبارەت بە دۆخی جەنگ و مەترسییە ئەگەرەکان بۆ دانیشتووانی ئەو بەشەی نزیکی نەخۆشخانەکە نەدراوە. نەدانی هۆشیاری و زانیاریی ڕوون بۆ خەڵک، لەگەڵ جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکان لە ناوەندێکی چارەسەریدا، دەتوانێت وەک پێشێلکردنی پابەندبوونی دەوڵەت لە بەرامبەر پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی هەژمار بکرێت. کوردپا جەخت لە پێویستیی بەپەلە بۆ وەستاندنی بەکارهێنانی سەربازیی ناوەندە چارەسەرییەکان و دڵنیابوون لە ئاسایشی دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەکات.