١٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤؛ قادر دەلاییمیلان، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی «کۆتۆل» سەر بە شاری خۆی لە ماوەی ٣١ رۆژی دەسبەسەرییدا بە دوو تۆمەتی سیاسی «پڕۆپاگەندە دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران» و «ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان» تۆمەتبار کراوە و لە گرتووخانەی خۆی دەستبەسەرە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردەوە و گوتی: قادر دەلاییمیلان لە ١٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ وە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران، بێ ئەوەی حوکمی دادگایی پیشان بدرێت، بە شێوەیەکی توندوتیژانە و بە هێرش کردنە سەر ماڵەکەی، دەستبەسەر کراوە و بۆ زیندانی خۆی گواستراوەتەوە.
بەپێی وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم گرتنە و گواستنەوەیە بە فەرمانی لقی ٢ی دادگای گشتی و ئینقلابی خۆی ئەنجام دراوە. بڕیاری دەستبەسەر کرانی ئەم هاووڵاتییە بەهۆی تۆمەتی سیاسی «پڕۆپاگەندە دژی نیزام» و «ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان»، بووە.
هەروەها ئەم سەرچاوەیە زیادیکرد کە قادر دەلاییمیلان لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە و هەروەها ڕێگە بە خێزانەکەشی نەدراوە تا کوو پارێزەری تایبەتی بۆ دیاری بکات.





