ئاودانان؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی یەعقووب محەممەدی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو
دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، "یەعقووب محەممەدی" لە کەسانی خاوەن پێگە و خۆشناوترین کەسایەتییە فەرهەنگییەکانی ئاودانان و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، بە توندوتیژییەوە و بە هێرشی دەیان ماشینی هێزەکانی سەرکوت بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا. ئەم دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەیە، تووڕەیی گشتیی خەڵکی بەدواوە بووە و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە بەردەم کەڵانتەریی ئەم شارە ناڕەزایەتییان دەربڕی کە بە تەقەی هێزەکانی سەرکوت تاکوو ئێستا لاوێک بریندار بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ دوانیوەڕۆی ڕۆژی ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، زیاتر لە ٢٠ ماشینی هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "یەعقووب محەممەدی" لە کەسانی خۆشناو و مامۆستای خەڵکی ئاودانان و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردووە. خەڵکی ئاودانان لە ناڕەزایەتی بە دەسبەسەرکرانی ئەم کەسە هاتنە سەر شەقام و لە بەردەم کەلڵانتەریی ئەم شارەدا کۆ بوونەوە.
لەو ڤیدیۆیانە کە لە کاتی دەسبەسەرکرانی ناوبراو بڵاو کراوەتەوە، هێزە ئەمنییەتییەکان بە جلوبەرگی ڕەش و ماسکەوە دەبینرێن کە هەندێکیان چەکی کڵاشینکۆفیان پێیە و بە ترساندن و توندوتیژی ناوبراو لەگەڵ خۆیان دەبەن. لەکتێکدا کە نزیکەکانی هەوڵیان دەدا کە پێش بە دەسبەسەرکرانی بگرن، ناوبراویان بە توندوتیژییەوە لە ماڵەکەی هێنایە دەرەوە و سواری ماشینیان کرد و لەگەڵ خۆیانیان برد.
لە درێژەدا کۆمەڵێکی بەربڵاو لە خەڵکی ئاودانان لە بەردەم کەڵانتەریدا کۆ بوونەوە و دروشمگەلێکی ناڕەزایەتی وەک "نەمان بۆ خامنەیی"یان وتەوە و خەڵکەکەش ڕوویان لە زیادبوون بوو. هێزە ئەمنییەتییەکان بە توندوتیژییەوە وڵامی ناڕەزایەتیی خەڵکیان دایەوە و بەپێی ئاخرین زانیارییەکان، تاکوو ئێستا لاوێکی کورد بریندار بووە.
لەلایەکی دیکەوە، بە مەبەستی سەرکوتکاریی زیاتری خەڵکی ناڕازی، ڤیدیۆگەلێک لە هاتنی هێزەکانی سەرکوت بۆ ئاودانان دەبینرێت. هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە خێرایی ئینتێرنێتیش لەم شارە دابەزیبوو.
یەعقووب محممەدی لە خۆشناوترین و ناسراوترین کەسانی شاری ئاودانانە. ناوبراو مامۆستای دەرکراو و بەندکراوی سیاسیی پێشوویە. دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ناوبراو تووڕەیی خەڵکی ئاودانانی بەدواوە بووە و خەڵک کاتیان دیاری کردووە کە تا کاتژمێر ٩ی شەو دەبێ ئەم دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەیە کۆتایی پێ بێت.