ئێسفەراین؛ ٤٣ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی حوسێن مێهرەنگیز/ دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراو بڵاو کراوەتەوە

17:31 - 2 رەشەمه 2725

١ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی "حوسێن مێهرەنگیز" لاوی کوردی خەڵکی "ئێسفەراین" سەر بە پارێزگای خوراسان، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و بڵاوبوونەوەی دانپێدادانی زۆرەملێی ناوبراو نیگەرانیی کەسانی نزیکی زۆر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ حوسێن مێهرەنگیز ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە بێ بەڵگەیی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. ناسیاوانی ئەو بڵاوبوونەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراویان لە کاناڵە حکوومەتییەکانی "ڕۆبیکا" و "ئینستاگرام" بینیوە و ئەمەش نیگەرانییەکان لەمەڕ چارەنووس و گیانی حوسێن مێهرەنگیزی زۆر کردووە.

ئەم سەرچاوەیە دەڵێ ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسە نزیکەکانی بێبەری کراوە و نازانن کە ئایا هێشتا لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانە یان بۆ بەندیخانە ڕاگوێزراوە. تەنیا هەواڵێک کە هەیە بینینی ڤیدیۆی دانپێدانانی زۆرەملێێ ناوبراو لە کاناڵە حکوومەتییەکانە.

حوسێن مێهرەنگیز کوردی کرمانجی خەڵکی "ئێسفەراین" لە پارێزگای خوارسانە. سەرچاوەکەی کوردپا دەڵێ حوسێن مێهرەنگیز کەسی نییە کە دوای کارەکانی بکەوێ و ناوی لە هیچ شوێنێکدا بڵاو نەکراوەتەوە.