شیروان؛ ٣٩ ڕۆژ دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی دیاکۆ ئیبراهیمی
۲٧ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٩ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "دیاکۆ ئیبراهیمی" هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شیروان سەر بە پارێزگای خوراسان، سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و ئەمە نیگەرانیی بنەماڵەکەی لەمەڕ دۆخی ناوبراو زۆر کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "دیاکۆ ئیبراهیمی" ڕۆژی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوینێکی نادیار ڕاگوێزرا و لەو کاتەوە سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەکەی، هیچ زانیارییەک لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە و نزیکەکانی تەنیا دەزانن کە دەسبەسەر کراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و تەنانەت شوێنی ڕاگیران و ناوەندێکیش کە دەسبەسەری کردووە دیار نییە.