ئیلام؛ دەسبەسەرکرانی ٣٧ هاووڵاتی لە دێهلوڕان، دەرەشار و ئاودانان
١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەستیان پێ کرد، ٣٧ هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شارەکانی دێهلوڕان، دەرەشار و ئاودانان و هاووڵاتییەکی خەڵكی ئاودانانیش لە تاران دەسبەسەر کرا.
بەپێی هەواڵە پشتڕاستکراوەکان لەلایەن کوردپاوە، لە ماوەی ڕۆژانی ١٠ تا ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لانیکەم ٣٧ هاووڵاتی لە پارێزگای ئیلام دەسبەسەر کراون. ئەم دەسبەسەرکرانانە بەم شێوەیەن، دێهلوڕان (٢٥ کەس)، دەرەشار (٧ کەس) و ئاودانان (٥کەس). هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی ئاودانانیش هەر لەم ماوە زەمەنییەدا لە تاران و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە. لە نێوان دەسبەسەرکراواندا، چەند مێرمنداڵێکی خوار تەمەن ١٨ ساڵ هەن. زۆربەی ئەم کەسانە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار ڕاگوێزراون.
ناوی دەسبەسەرکراوان بە جیاکردنەوەی شارەکان بەم شێوەیە؛
دێهلوڕان (۲۵ کەس):
ڕۆژی هەینی ۱۲ی بەفرانباری ۱۴۰۴، دوو هاووڵاتیی خەڵکی دێهلوڕان سەر بە پارێزگای ورمێ بە ناەکانی «ئارشیا جەوشەن» مێرمنداڵی تەمەن ۱۷ ساڵ و «ئومید بەیرانوەند» بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان، بەشێوەی توندوتیژانە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤، مێرمنداڵێکی خەڵكی دێهلوڕان بە ناوی "کوورش نووری" تەمەن ١٥ ساڵ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بەفرانباری ۱۴۰۴، لانیکەم ۲۲ هاووڵاتیی خەڵکی دێهلوڕان به ناوەکانی «ئەکبەر دەرویشی»، «عارف دەرویشی»، «محەممەد هەواسی»، «عەلیڕەزا ساڵحی»، «سێپێهر ساڵحی»، «فەرزاد شوکری»، «ئەبولفەزل شادفەر»، «میلاد کیادی»، «ئێحسان مەلکی»، «ئەمیر ڕەئووفی»، «ئومید مەلکمحەممەدی»، «یەزدان بەختی» ۲۱ ساڵه، «شەریف ئازاد»، «شایان مۆئمێنی»، «ئەمیرحوسێن عەلیزاده»، «فەردین ئاقایی»، «ئەبولفەزل جامخانه»، «سەجاد ئازاد»، «عەبدوڵڵا ئازاد»، «عرفان فەرەهمەند»، «عەلیڕەزا ڕەحمانی» و «ئەمیرڕەزا ڕەحمانی»، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەم شارە و تەنیا بە ئامانجی ترساندن و تۆقاندن و سەرکوت، بە بێ هیچ هۆکارێکی ڕوون و بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و بەشێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراون. ئەم کەسانە پاش ڕاگوێزران بۆ کەڵانتەری ١١ی دێهلوڕان، سەرەڕای هەوڵەکانی خەڵک بۆ ئازادکردنیان، بۆ ئیلام ڕاگوێزران و هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
دەرهشار (۷ کەس):
ڕۆژی هەینی ۱۲ی بەفرانباری ۱۴۰۴ پێنج هاووڵاتیی خەڵكی دەرەشاری ئیلام بە ناوەکانی "ئەبولفەزل قاسمی" تەمەن ٢٠ ساڵ، "سەتار زەیدی" تەمەن ٣٤ ساڵ، "ڕەزا حەیدەری"، "سامان غوڵامی" تەمەن ٣٥ ساڵ و "شایان ئەسڵمەرز" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤، دوو هاووڵاتیی خەڵكی دەرەشار بە ناوەکانی "محەممەد حەسەنوەند" تەمەن ٢١ ساڵ و "بیژەن کەریمیان" تەمەن ٢١ ساڵ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
ئاودانان (٥ کەس):
ڕۆژی هەینی ۱۲ی بەفرانباری ۱۴۰۴ «ئومید ناسری»، هاووڵاتیی تەمەن ۳۷ ساڵی خەڵكی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
"شەوی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤، چوار مێرمنداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ بە ناوەکانی "فەردین حاتەمی"، "محەممەدجەواد زارعی"، "ئەبولفەزل زارعی" خەڵکی "موورمووری" سەر بە شاری ئاودانان لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی ئیلامی لە شارەکانی دیکە؛ یەک کەس لە تاران
ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤، "ئیمان عەلیمورادی" هاووڵاتیی تەمەن ٣٣ ساڵی خەڵكی ئاودانان لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەم پێوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."
ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤(٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥)ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، جێگایەک کە کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان. لە ڕۆژانی دواتردا، ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە زیاتر لە ١٠ هەتا ١٥ شار لەوانە، تاران، ئێسفەهان، مەشهەد، شیراز، کەرەج، هەمەدان، کرماشان، ئەهواز، ئەراک، نەجەف ئاباد، فوولادشار، مارلیک، ئیزە، نوورئابادی مەمەسەنی، فەسا، یەزد، زەنجان و قوم. چییەتیی سەرەتایی ناڕەزایەتییەکان ئابووری و بژیو بوو، بەڵام وردەوردە لە زۆربەی شارەکاندا بوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکوومەت و دروشمگەلێک دژی نیزام و ڕێبەرەکانی.