٣ دەسبەسەرکرانی دیکە لە ئیلام؛ شایان ئەسڵ‌مەرز، کوورش نووری، ئومید بەیرانوەند

00:49 - 13 بەفرانبار 2725

١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤؛  لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەستیان پێ کرد، سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی شایان ئەسڵ‌مەرز، کوورش نووری، ئومید بەیرانوەند لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم دەسبەسەرکرانانە بۆ کوردپا وتی؛ "شایان ئەسڵ‌مەرز" خەڵکی دەرەشار، "کوورش نووری" و "ئومید بەیرانوەند" خەڵکی دێهلوڕان سەر بە ئیلام ئەمڕۆ هەینی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکان لەم پێوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.

پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."