دێهلوڕان؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ٥ پەرستار و کادری دەرمان بە تۆمەتی چارەسەرکردنی برینداران
۱۹ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەستیان پێ کرد، پێنج پەرستار و کادری دەرمانی خەڵکی دێهلوڕان سەر بە پارێزگای ئیلام بە ناوەکانی "ئێحسان ئەحمەدی"، "حوسێن کەرەمی"، "محەممەد مورادی"، "ئەحمەد خوسرەوی" و "ئەحمەد زەینی" بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و بەتۆمەتی "چارەسەری برینداران" دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی کوردپا، ئەم کەسانە لە پێرسۆنێلی نەخۆشخانەی دێهلوڕان بوون و نیوەشەوی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەی یاسایی و لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. هەروەها لە بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیاندا پێیان وتراوە کە دەسبەسەرکراوان بەیانی بۆ بەندیخانە دەگوازرێنەوە.
بەم حاڵەوە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم کەسانە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیشیان ئاکامێکی نەبووە و ئەوان هیچ پێوەنددییەکیان لەگەڵ مناڵەکانیان نییە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێ کە لە پارێزگای ئیلامدا، کەڵانتەرییەکانیش وەکوو ناوەندە ئەمنییەتییەکان کار دەکەن و پاش دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان زیاتر بۆ گرتنگەکانی ناوەندی پارێزگا یان گرتنگەی بەندیخانەی ناوەندیی ئیلامیان ڕادەگوازن.