تاران؛ ئیمان عەلیمورادی هاووڵاتیی خەڵكی ئاودانان لە تاران دەسبەسەر کرا
١١ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەستیان پێ کرد، "ئیمان عەلیمورادی" هاووڵاتیی خەڵكی ئاودانان لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ "ئیمان عەلیمورادی" تەمەن ٣٣ ساڵ و هاووڵاتیی خەڵكی ئاودانان، ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە تاران دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە ١١ی بەفرانباری ١٤٠٤ "محەممەد حەسەنوەند" و "بیژەن کەریمیان" دوو هاووڵاتیی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی دەرەشاری ئیلام، و هەروەها "محەممەدجەواد زارعی"، خەڵکی مورمووری سەر بە ئاودانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
کوردپا پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا لە دێهلوڕان، لانیکەم ١١ هاووڵاتیی بەناوەکانی "ئەکبەر دەرویشی"، "عارف دەرویشی"، "محەممەد هەواسی"، "سێپێهر ساڵحی"، "ئەمیر ڕەئووفی"، "ئێحسان مەلکی"، "میلاد کیادی"، "فەرزاد شوکری"، "ئەبولفەزل شادفەر"، "موعین مەلکی" و "یەزدان بەختی" تەمەن ۲۱ساڵ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی ئەم شارە و تەنیا بە ئامانجی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و سەرکوت، بە بێ هیچ هۆکارێکی دیار و بە هێرشی هێزە ئینتیزامییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراون. ئەم کەسانە پاش ڕاگوێزران بۆ کەلانتەری ١١ی دێهلوڕان، سەرەڕای هەوڵی خەڵک بۆ ئازادکرانیان، بۆ ئیلام ڕاگوێزراون و سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٤ کاتژمێر لە کاتی دەسبەسەرکرانیان، چارەنووسیان ناڕوونە و شوێنی ڕاگیرانیشیان نادیارە.
ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤(٢٨ی دێسامبری ٢٠٢٥)ـەوە لە بازاڕی گەورەی تاران دەستیان پێ کرد، جێگایەک کە کاسبکاران لە کاردانەوە بە دابەزینی نرخی ڕیاڵ، هەڵاوسانی زۆر و گرانیی کاڵا سەرەکییەکان، دووکانەکانیان داخستن و ئەم مانگرتنە بەخێرایی بوو بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی سەر شەقامەکان. لە ڕۆژانی دواتردا، ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە زیاتر لە ١٠ هەتا ١٥ شار لەوانە، تاران، ئێسفەهان، مەشهەد، شیراز، کەرەج، هەمەدان، کرماشان، ئەهواز، ئەراک، نەجەف ئاباد، فوولادشار، مارلیک، ئیزە، نوورئابادی مەمەسەنی، فەسا، یەزد، زەنجان و قوم. چییەتیی سەرەتایی ناڕەزایەتییەکان ئابووری و بژیو بوو، بەڵام وردەوردە لە زۆربەی شارەکاندا بوو بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی حکوومەت و دروشمگەلێک دژی نیزام و ڕێبەرەکانی.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."