سنە؛ مانگرتن لە خواردنی ٩ بەندکراوی سیاسی بە نیشانەی هاوپێوەندی لەگەڵ مانگرتنە سەرتاسەرییەکەی کوردستان

20:59 - 19 بەفرانبار 2725


١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ هاوکات لەگەڵ مانگرتنی سەرتاسەری لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، ٩ بەندکراوی سیاسیی بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک باسیان لە دەسپێکردنی مانگرتن لە خواردنی خۆیان بۆ هاوپێوەندی لەگەڵ ئەم جووڵە ناڕەزایەتییەدا کرد.
ئەنجومەنی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی نۆژین لەم پێوەندییەدا بڵاوی کردەوە؛ بەندکراوانی مانگرتوو وێڕای ڕێزگرتن لە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە کوردستانییانی ئیلام، کرماشان و لوڕستان، پشتیوانی و هاوپێوەندیی خۆیان لەگەڵ ئیلام و کرماشان ڕاگەیاندووە و بەشێوەی مانگرتن لە خواردن، پەیوەستی مانگرتنی گشتیی کوردستان بوون.
دەقی بڵاوکراوی ئەم ئەنجومەنە کە تەنیا بە زمانی کوردی چالاکی دەکات، بەم شێوەیە؛ 
"مانگرتنی بەندکراوانی بەندیخانەکانی شاری سنە بە مەبەستی پشتیوانی لە مانگرتنی سەرتاسەریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
کوردستانییانی ڕزگاریخواز
وێڕای سپاس و ئەمەگناسیی پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کوردستانییانی ئیلام و کرماشان و لوڕستان، ئێمە بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە پشتیوانی و هاوسۆزیی خۆمان بۆ ئیلام و کرماشانی کوردستان ڕادەگەیێنین و بە شێوەی مانگرتن لە خواردن پەیوەست بە مانگرتنی گشتیی کوردستان دەبین.
سەرکەوتن بۆ کوردستان
بەندکراوانی بەندیخانەکانی سنە
۱. سروە پوورمحەممەدی
۲.مەحموود سادقی
۳. ڕەفێق سەلیمی
۴. نادر بەهمەنی
۵. یووسف ئەحمەدی
۶. ئیدریس منبەری
۷.محەممەد ڕەحیمی
۸. فەریاد قادری
۹. فەردین مەولوودی"