کرماشان؛ ڕەزا قەنبەری مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ بە فیشەکی جەنگی لە مەودای نزیکەوە کوژرا

20:56 - 19 بەفرانبار 2725

١٨ ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ «ڕەزا قەنبەری»، مێرمنداڵ و قوتابیی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی کرماشان کە شەوی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، کە هەواڵی کوژرانی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکاندا بڵاو کرابوویەوە، بە تەقەی ڕاستەوخۆ و بە فیشەکی جەنگی و لە مەودای نزیکەوە کوژراوە.

بەپێی لێکدانەوەکانی کوردپا، «ڕەزا قەنبەری»، شەوی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە گەڕەکی "جەعفەرئاباد" لە شەقامی "ئەرتەش"ی کرماشان، دوابەدوای هێرشی هێزەکانی سەرکوت بۆ سەر ناڕازییان، لە مەودای زۆر نزیکەوە و لە پشتەوە کراوەتە ئامانجی فیشەکی جەنگیی هێزەکانی سپای پاسداران و  فیشەک بەر پشت و کەلەکەی کەوتووە و دوای ماوەیەکی کورت گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزەکانی سپای پاسداران پاش کوشتنی ئەم مێرمنداڵە، تەرمی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە و هەتا ڕۆژی ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ لای خۆیان ڕایانگرتووە و ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکردووەتەوە. لە کۆتاییدا ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤، تەرمی ناوبراو بەو جۆرەی کە لە ڕاگەیەندراوی کۆچی دواییەکەیدا هاتووە، لە گۆڕستانی جەبارئابادی خواروو(بێلەوار)" بە خاک سپێردراوە؛ بەڵام بەو حاڵەوە کە لە ڕاگەیەندراوی کۆچی دواییەکەیدا هاتبوو کە بەخاکسپاردنەکە بە بەشداریی خەڵک دەبێ، بە هۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوام، بنەماڵەکەی ناچار کران تەرمەکەی بەشێوەی نهێنی و بە بێ بەشداریی خەڵک بەخاک بسپێرن.

لە گوشار و هەڕەشەکانی هێزە ئەمنییەتییەکان دژی بنەماڵەی "ڕەزا قەنبەری" ئەوە بووە کە ناچاریان کردوون کە کوڕەکەی خۆیان وەکوو "بەسیجی حکوومەت" بناسێنن و کوژرانی ناوبراو بخەنە ئەستۆی "ناڕازییان" بەڵام بنەماڵەکەی ئەم داواکارییەیان ڕەت کردووەتەوە.

پێشتر هەواڵی کوژرانی دوو برا بە ناوەکانی "ڕەسووڵ کەدیوەریان" تەمەن ١٨ ساڵان و "ڕەزا کەدیوەریان" تەمەن ٢٠ ساڵانی لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک لە کرماشان، لە گەڕەکی "جەعفەرئاباد"، شەقامی "ئەرتەش" لەلایەن کوردپاوە پشتڕاست و بڵاو کرایەوە.

بەدواداچوونەکانی کوردپا نیشانی دەدەن کە ئەم سێ لاو و مێرمنداڵە بەشێوەی گرووپی کراونەتەوە ئامانجی تەقەی بەردەوامی هێزەکانی سپا و کوژراون.

ڕەزا قەنبەری، کوڕی موحسن بە بێ دایک گەورە بووە. ناوبراو کرێکاریش بووە.

لە سەر ڕاگەیەندراوی کۆچی دوایی ئەم مێرمنداڵەدا وشەی "شەهید" نووسراوە.