سونقوڕ؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "کەیۆمەرس واعزی" مامۆستا و بەندکراوی سیاسیی پێشوو

17:10 - 17 بەفرانبار 2725

١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەستیان پێ کرد، شەوی دووشەممە ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤، "کەیۆمەرس واعزی" مامۆستا و بەندکراوی سیاسیی پێشوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

"کەیۆمەرس واعزی" پێشتریش لە کاتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازدی"دا دەسبەسەر کرابوو.

بەپێی زانیارییەکانی کوردپا، ئەم دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانە بووە و تاکوو ئێستا زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیران و دۆخی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

"کەیۆمەرس واعزی" کوڕی "حوسێن"، مامۆستای خەڵكی شاری سونقوڕ و کولیایی، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە کاتی هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا؛ ناوبراو پاش قۆناغەکانی لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی ڕەوتی دادڕەسی ئازاد کرا. کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٤٠١ لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەسعوود نووری" بەڕێوە چوو و لە کۆتاییدا لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠١دا، لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کرماشان ناوبراوی بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "فریودان و هاندانی خەڵک" بە پێنج ساڵ بەندکران مەحکووم کرد؛ حوکمێک کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ناوبراو و هاودۆسییەیەکی بە نوی "عەلی‌حوسێن شەمایلی" ڕاگەیەندراوە. لە درێژەی ئەم دۆسییەیەدا، "کەیۆمەرس واعزی" لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک ڕایگەیاند کە حوکمەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە.