سنە؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ١٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی و بەندکراوانی سیاسیی پێشوو
۱۴ی بەفرانباری ۱۴۰۴؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەستیان پێ کرد، لانیکەم ١٠ چالاکانی مەدەنی و بەندکراوانی سیاسیی پێشوو بو ناوەکانی «کەیوان زەندکەریمی»، «شاهۆ محەممەدی»، «جەماڵ خوداڕەحمی»، «خەبات ئەسەدی»، «ئارمان سەلیمی»، «خالید سەیفپەناهی»، «قانع خاتری»، «بەیان فەرەجوڵاهی»، «دلێر ئەسکەندری» و «وریا موید» بەشێوەی توندوتیژانە و سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وتی ئەم کەسانە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراون و ئەم دەسبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەیە درێژەی کەشی سەرکوت و هەڕەشە لە دەیان چالاکی مەدەنیی سنە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوویە.
پێشتر لە ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤دا کورتەنامەی هەڕەشەئامێز بۆ هاووڵاتییان نێردرابوو کە هەر چەشنە "چالاکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی و شوێنی گشتی" وەکوو "هەوڵدان دژی ئەمنیەتی میللی و تێکدانی نەزمی گشتی" پێناسە کرابوو کە سزای بۆ هاووڵاتییان بەدواوە دەبێ.
هەموو ئەم دەسبەسەرکرانانە بە هێرش بۆ سەر ماڵ و بەشێوەی توندوتیژانە ڕوویان داوە و هەتا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە سەبارەت بە چارەنووس و دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی زۆربەیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.