دەرەشار؛ دەسبەسەرکرانی ١٠ کەسی دیکە لەوانە مێرمنداڵێکی ١٦ ساڵان

19:00 - 14 بەفرانبار 2725

١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای ئیلام بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەستیان پێ کرد، لانیکەم ١٠ هاووڵاتیی دیکەی لە ماوەی زەمەنیی ١٢ هەتا ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

سەرچاوە ئاگادارەکانی کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم دەسبەسەرکرانانە، ناو و شوناسی ئەم کەسانەیان بەم شێوەیە بڵاو کردەوە:

شەوی هەینی جمعه ۱۲ی بەفرانباری ۱۴۰۴، "پەیمان حەسەنوەند" و "شەهرووز شوکریپوور" هاووڵاتییانەی خەڵكی دەرەشار لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ١٤٠٤؛ "ئیسماعیل زەهرابی"، "ئەمیر عیسا‌زاده" ۳۰ ساڵان، "محەممەدبەشیر هاشمیان" ۳۵ ساڵان، "مێهدی هاشمیان" ۳۰ ساڵان، "ئەحمەد حەسەنوەند عەمووزاده" ۳۰ ساڵان، "بەهادور عەمووزاده" خەڵكی بە دەرەشار، "محەممەدتەها زەینی‌وەند" ۱۶ ساڵان و "سامان غوڵامی" خەڵكی دەرەشاریش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران

بەپێێ ئەم ڕاپۆرتە، هەموو ئەم کەسانە بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان و بەشێوەی توندوتیژ دەسبەسەر کراون و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە شوێنی ڕاگیران و دۆخیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.