شاباد؛ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی مەسعوود بێنیاز و ڕاگواستنی بۆ شوێنێکی نادیار
١٣ی بەفرانبای ١٤٠٤؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە پارێزگای کرماشان بە ئامانجی زاڵکردنی کەشی سەرکوت و ئەمنییەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، دوابەدوای ناڕەزایەتییەکان کە لە بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە دەستیان پێ کرد، هاووڵاتییەکی خەڵکی شاباد بە ناوی "مەسعوود بێنیاز" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بۆ کوردپا وتی: مەسعوود بێنیاز ڕۆژی هەینی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.
پێشتر کوردپا لە ڕاپۆرتێی تایبەتدا ڕایگەیاندبوو کە لە ڕۆژانی ١١ و ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٤دا ٢٦ی هاووڵاتی لە شارەکانی کرماشان، هەرسین و سەرپێڵ دەسبەسەر کراون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
پێویستە بوترێ کە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، دەسبەسەرکراوانی سیاسی لە قۆناغەکانی دەسبەسەرکراندا بە شێوەی سیستماتیک لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و تەنانەت مافی پێوەندیی تلفۆنی بێبەری دەکرێن. لە حاڵەتگەلێکی کەمدا، لەژێر گوشار و بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکاندا، تەنیا ئیزنی پێوەندیگەلی چەند چرکەیی دەدرێت کە لە کوردستاندا دەسبەسەرکراوان تەنانەت ئیزنی قسەکردن بە زمانی داکیشیان نییە و تەنیا لە چەند وشەدا و بە زمانی فارسی و بە بوونی هێزە ئەمنییەتییەکان ئیزنیان هەیە کە ڕایبگەیێنن کە "دەسبەسەر کراون و باشن."