کەرەج؛ ڕەزا حاجی‌مورادی، لاوی کوردی کرماشانی و تاتۆئارتیست، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ١٨ی بەفرانبار

07:34 - 7 رێبەندان 2725

٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ "ڕەزا حاجی‌مورادی" لاوی کوردی خەڵکی شاباد و دانیشتووی کەرەج، شوناسی یەکێکی دیکە لە گیانلەدەستداوانی ناڕەزایەتییەکانی ١٨ی بەفرانبار لەم شارەیە کە بە فیشەکی جەنگیی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "ڕەزا حاجی‌مورادی" لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی فەردیسی کەرەجدا، شەوی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، سینگ و سییەکانی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی دەکرێنە ئامانج و دەسبەجێ گیانی لەدەست دەدا.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، تەرمی ناوبراو پاش گوشارێکی زۆر و بەسەختی ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە. تەرمی ڕەزا حاجی‌مورادی لە نێوان سەدان تەرمی دیکەدا لە فەردیسی کەرەج دۆزرایەوە. سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە ژمارەیەکی زۆر لە تەرمی بێ گیان لە ئەنبارێکدا وەسەر یەک کەوتبوون.

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕەزا حاجی‌مورادی بڕیار بوو دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بەفرانباری ١١٤٠٤ لە قەسری شیرین بەڕێوە بچێت. بەڵام ئیتلاعات بە بانگکردنی باوکی، پێشی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە گرت و بنەماڵەکەی ناچار کرد کە تەرمەکەی بە نهێنی و بەبێدەنگی، کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی هەمان ڕۆژ بەخاک بسپێرن.

ڕەزا حاجی‌مورادی تاتۆئارتیست بووە کە بۆ پێشکەوتن لە کارەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی چەند ساڵێک بووە چووەتە کەرەج و لەوێ نیشتەجێ بووە. ناوبراو بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاباد بووە و لە گەڕەکانی وەک "شەهریار شار" و "وەلی عەسر"ی کەرەج ژیاوە.